مێرمنداڵێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا

مێرمنداڵێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا

پەیامی کورد... مێرمنداڵێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژرا

 

کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کە لە خۆپیشاندان و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکەوتکەرەکان بریندار کرابوو، شەوی ڕابردوو دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆمار دەرئۆفتادە کوڕی حەسەن، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە نەخۆشخانەی خومەینی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و تەرمی ئەو مێرمنداڵە هەر ئەو شەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

 

کۆماری دەرئۆفتادە، شەوی شەممە، ٧ی خەزەڵوەر (٢٩ی ئۆکتۆبر) لە کەمەربەندی کۆنەخانێ و نزیک گۆڕەپانی "محەممەد هەوراز" تەقەی لێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.

 

یەکێک لە شایەتحاڵان لەم بارەوە تایبەت بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "لەو شوێنەی کە کۆماری بریندار کرا هیچ خۆپیشاندانێک نەبوو، دوو ئۆتۆمبێلی سەوز و سپی جۆری سەمەند کە بێ ڕەقم بوون، لە مەودایەکی ٣ مەترییەوە بە چەکی تاپڕ بەرەوڕووی کۆمار تەقەیان کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە".

 

ئەم سەرچاوە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە دوو مێرمنداڵی دیکە لەو کاتەدا لەگەڵ کۆمار بوون، یەکێکیان هەر ئەو کاتە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.

بڕیار وایە تەرمی کۆمار دەرئۆفتادە ئەمڕۆ لە گوندی زێوکە زێدی باوکی بە خاک بسپێردرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە