کۆمیسیۆن دوا وادە بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدان دیاری دەکات

کۆمیسیۆن دوا وادە بۆ دابەشکردنی کارتی دەنگدان دیاری دەکات

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر، دوا وادە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانی گشتی و تایبەت دادەنێت و هەر کەسێکیش لەو ماوەیە کارتەکەی وەرنەگرێتەوە بێبەش دەبێت لە دەنگدان.

 

عەلی قادر، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە هەموو لایەک کرد هاوئاهەنگ و هاوکار بن لەگەڵ کۆمیسیۆن، بۆ ئەوەی بتوانن دوایین کارت بگەیێننەوە دەست دەنگدەر و گوتی "رۆژی 05-05-2018، دابەشکردنی کارتی دەنگدان رادەوەستێت”.

عەلی قادر گوتی "بڕی کارتی هاتووی تۆماری بایۆمەتری بۆ هەولێر 647 هەزار و 398 کارت بووە، 425 هەزار و 180 کارت دابەشکراوە و 222 هەزار 179 کارتیش ماوە خاوەنەکانیان وەریان بگرنەوە”.

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن راشیگەیاند "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیارماندا ماوەی دەوامکردن بکەین بە دوو شەفت، شەفتی ئێواران لە کاتژمێر 6 بۆ 10ی شەو دەبێت، لە ئێستاوە داوا لە کارمەندانی کۆمیسیۆن و ناوەندەکانی دابەشکردنی کارتی دەنگدان دەکەم، پابەندبن بە رێنماییەکانمان، هەوڵبدەن هەموو هاوڵاتییەک، کە روویان تێدەکەن کارتەکانیان پێبدەنەوە، بەبێ گوێدانە ماندووبوون”.

عەلی قادر داوا لەو کارمەندانەی کۆمیسیۆنیش دەکات، کە تازە گرێبەستیان ئەنجامداوە و بۆ رۆژی دەنگدان راهێنانیان پێکراوە بچن بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی و هاوکاری هاوڕێیانیان بکەن لە ئۆفیسەکانی دابەشکردنی کارتی دەنگدان بۆ ئەوەی زۆرترین کارت بگاتەوە دەست خاوەنەکانیان.

سەبارەت بە گەڕانەوە و دابەشکردنی کارتی دەنگدانی تایبەت، عەلی قادر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، 70 هەزار و 83 کارتی دەنگدانی تایبەت گەڕاوەتەوە، لەو ژمارەیە 51 هەزار دابەشکراوە و 19 هەزار کارت لە دەنگدانی تایبەت ماوە وەربگیرێتەوە، بۆیە داوا لە هێزەکانی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین، دەرفەت بە کارمەند و پێشمەرگە قارەمانەکان لە سەنگەرەکان بدەن، بۆ ئەوەی کارتی دەنگدنیان وەربگرنەوە.

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتیشی "ئەگەر ئەو کارتانەی ماون دابەشنەکرێن، دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغدا، بەمەش خاوەنی کارتەکان بێبەش دەبن لە دەنگدان".

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە