سەبارەت بە دیاریکردنی فوئاد حسێن وەکوو کاندید بۆ سەرۆککۆماری عێراق ، سەرۆک مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند : بە باشم زانی كە د. فوئاد حسێن بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەم و بەهەموو توانایەك پشتیوانی لە فوئاد حسێن دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی دیاریكردنی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێمان خۆش دەبوو ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە لەسەر یەك كەس ڕێككەوتبان ، بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا.
بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو بابەتەش مەكتەبی سیاسی پارتی منی سەرپشك كرد كە كەسێك دیاری بكەم بۆ كاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار.
بەهۆی توانایی و لێهاتوویی بە باشم زانی كە بەڕێز د. فوئاد حسێن بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەم. د. فوئاد حسێن چ لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلول و لە سەرۆكایەتیكردنی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و قۆناغەكانی تری ژیانی خۆی كەسێكی دڵسۆز و دەستپاك بووە و بڕوای تەواوم بە تواناكانی هەیە و قەناعەتیشم هەیە كە ئەركەكانی خۆی بە باشی جێبەجێ دەكات و لە پۆستی سەرۆكایەتی كۆماردا هەم بۆ گەلی كوردستان و هەم بۆ عێراق و پێكهاتەكانی عێراق كەسێكی بەسوود و خەمخۆر دەبێ.
بەهەموو توانایەك پشتیوانی لە د. فواد حوسێن دەكەین و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازین.
مسعود بارزانی
24ـی 9ـی 2018
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە