پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 15/4/2019 پێشوازی لە ژێنڕاڵ پاتریك ڕۆبەرسۆن، فەرماندەی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا، پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگی لە بواری ڕوبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەكانی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.
مەسروور بارزانی، سەبارەت بە هاوكاری و دابینكردنی پێداویستییەكان، بەردەوامیدانی هاوكاری و یارمەتییەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بە پێویست و كاریگەر وەسف كرد، هەروەها پەلەكردن لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و گێڕانەوەی سەقامگیری و بەرتەسككردنەوەی جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچەكەدا، بە پێویست زانی.
لای خۆیەوە، فەرماندەی گشتی تیمی هاوبەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەكان لە عێراق و سووریا، وێڕای ئاماژەدان بە كاریگەریی رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، دووپاتی لەوەش كردەوە، كە هێزەكانی هاوپەیمانان لە بەرنامەی هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی هێزی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییە هونەرییەكان بەردەوام دەبێت.
رۆڵ و هەماهەنگی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەقامگیركردنەوەی ناوچەكە بە گشتی، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە