پەیامی کورد... مەسرور بارزانی: سەردانی بەغدا دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
مهسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەردانی بەغدا دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئهیلولی 2023، لە هەولێر لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاند هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە تێپەڕێت و، ئاشکرای کرد، "بەنیازین سەردانی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانمان بدەین".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: "پشوودرێژیی ئێمە، مانای لاوازیی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو خەمخۆریی ئێمەیە بۆ ئەوەی نەهێڵین کێشە و گرفتەکان بە ئەقارێکی دیکەدا ببرێن و دەمانەوێت بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشە و گرفتەکانمان چارەسەر بکەین و هەموو شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و، مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین".
پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە لە ئاستێکی باش نین، دوای 19 جار دانیشتن، گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ژمارە و داتاکان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا، لەبری چارەسەری کێشەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کێشەکە بەرەو بنبەستی زیاتر چووە.
ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چارەسەری کێشەکە لەناو پەرلەمان نابینن و داوادەکەن لە ئاستی سیاسیی باڵادا هەوڵی چارەسەری بدرێت.
مەسرور بارزانی لە وتەکانی ئەمڕۆیدا رایگەیاند: "دەمانەوێت سەردانی لایەنە سیاسییەکان (ـی بەغدا) بکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی وەڵامی چاکەی خەڵکی کوردستان بەوشێوەیە دەدرێتەوە، لەکاتێکدا کاتێک خەڵکی کوردستان باوەشیان بۆ هەموو خەڵکی عێراق کردەوە، چاومان لەوەیە هەموو خەڵکی عێراقیش بەرگری لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکات".
لەکاتێکدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە، لە هەفتەی داهاتووەوە حکومەتی عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دەکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها وتی: "دەمانەوێت بزانین (حکومەتی فیدراڵی) لەبەرچی ئەو سیاسەتی برسیکردنەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەبەر. پێمان وایە سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی هەموو عێراقە و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراقە".
سەبارەت بەو رێککەوتنەی پێشتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەغدا واژۆکرا، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "بەداخەوە ریگریان لێکرا، نەیانهێشت ئەو رێککەوتننانەی ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران، بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئێمە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەینەوە؛ جارێکی دیکەش رێگەی چارەسەر بدۆزینەوە، بۆیە لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا، هەموو هەوڵێک دەدەین بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری کێشە و گرفتەکان بکەین".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە