پەیامی کورد... مەسرور بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی کرد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21/6/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و لە دیدارەکەدا کە جەنەراڵ ماتیۆ ماکفەرلین، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا ئامادەی بوو، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری، سڵاو و ڕێزی وەزیری بەرگری ئەمریکای بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لە بارەی پەرەسەندنەکانی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاو و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یادداشتی لەیەکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.
لەمبارەیەوە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، بەردەوام دەبن لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و بە تایبەتی داعش بۆ دڵنیابوون لە بەهێزنەبوونەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا دەربڕی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە.
بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە شاڵاوی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە