مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد  ...  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی (28)هەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەمان پەیامێکی ڕاگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

  بەر لە (28)ساڵ و لەرۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا رۆڵەكانی گەلەكەمان بە سەرجەم چین و توێژەكانییەوە،  یەكەم ترووسكەی راپەڕینیان لە شاری رانیە دژ بەزوڵم و ستەم و ژێردەستەیی داگیرساند و لاپەرەیەكی نوێی سەروەریان لەمێژووی نەبەردی و تێكۆشان لە كاروانی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان تۆماركرد.

گڕوكڵپەی راپەڕین درێژەپێدەر و هەڵكشانی زنجیرەیەك شۆڕش و بەرخودانی گەلەكەمان بوو بۆ رەتكردنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەك و گەیشتن بە ئازادی و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی، بۆیە گەلی كوردستان توانی ئەو قۆناغەش ببڕێ و بنەماكانی دامەزراوەیی پێكبهێنێ و چەندین دەسكەوتی گرنگی دیكەیش بەدەست بێنێ لە ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوە لەپێناو گەیشتن بە دوارۆژێكی پرشنگدار و ئاسوودە بۆ کوردستانیان.

راپەرینی ئاداری ساڵی 1991 لە خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی گەلەكەمان سەرچاوەی گرتبوو، پەیامی نەتەوەیەک بوو دژ بە سیاسەتی چەوتەکانی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكانی عێراق، كە مێژوویەكی پڕ شەرمەزاری بوو بۆیان لە ئەنفالكردن و كیمیابارانكردن و جینۆساید و سەرکوتکردن، لەو سونگەیەوە ویست و خواست و ئیرادەی گەلەكەمان سەلماندی خاوەن مێژوویەكی پڕ لە شانازییەو لەو پێناوەشدا دەریایەك قوربانی داوەو بەردەوامیشە لەو كاروانە سەرفرازەیدا.

هاووڵاتیانی خۆشەویست..

زنجیرە راپەڕینەكانی بەهار و نەورۆز دەسكەوتێكی هەرەگرنگی مێژوویین بۆ گەلەكەمان و بەدیهێنەری ئەو قۆناغەن لە فەرمانڕەوایەتی و پرۆسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1992) بۆیە ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەموو لایەكمانە ئەو دەسكەوتە مەزنانە بپارێزین و داكۆكی لێبكەین بەتایبەتی لەو قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، هەروەها زیاتر هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی گشت ئامانجە رەواكانمان بنێین، ئەمەش لەرێی یەكدەنگی و یەكڕیزیی حزب و لایەنەسیاسیەكان بەدیدێت، كە بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و مەرامی بەرتەسك و لاوەكی سیاسی.

پارتیمان باوەری وایە بۆ چارەسەری كێشەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانمان پێویستمان بە هاودەنگیی نیشتیمانییەو پێویستە هەموان لەدەوری یەك ئامانج كۆببینەوەو كاری لەپێشینەمان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەكانمان بێ، پێویستە نێو ماڵی كورد رێكبخرێتەوەو هەنگاوی جددی بنرێ بۆ پاراستنی كوردستان لە مەرام و سیاسەتی دزێو و پیلانگێڕانە و چارەسەركردنی كێشەكان.

لەو دەرفەتەدا پشتیوانی و پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ زیاتر سەرخستنی ئەو ئەزموونەو پاراستنی ئەو قەوارە سیاسیەمان دووپات دەكەینەوە كە بە خوێنی رۆڵەكانی گەلەكەمان هاتوونەتە دی و ئەركی سەرشانی هەموولایەكیشە بەوپەری دڵسۆزیەوە بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بەرگری لە حكومەت و دەسكەوتەكان بكەن و رۆڵی شیاو و مێژوویی خۆیان بگێڕن لە بەرەوپێشبردن و پتەوكردنی بنەما و كۆڵەگەكانی و دوورخستنەوەی لە ئەگەری هەر هەڕەشەو مەترسیەك و چارەسەركردنی كەموكوڕی و گیروگرفتەكان و هەنگاونان بەرەو بەدیهاتنی ئامانجەكانمان.

جەماوەری خۆراگری كوردستان..

  هەمیشە هەڵوێست و بەرنامە و پەیامی نزیك و درێژخایەنی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە گشت قۆناغەكانی خەبات و تێكۆشاندا، كە هەردەم كاری هەرە لەپێشینەمان لە خواست و ویستی جەماوەری كوردستان سەرچاوەی گرتووە و لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەش تۆزقاڵێك درێغیمان نەكردووەو ناشیکەین، هەر لە دابینكردنی مافەكان و دەستبەركردنی ژیانێكی ئاسوودە و شایستە و شەرەفمەندانە بۆ کوردستانیانی خۆشەویست تا بە رووبەڕووبوونەوەی دوژمن و نەیارو تیرۆریستان دەگات لەبەرەكانی شەڕداو لەو پێناوەشدا بەدەیان شەهیدمان بەخشیوەتە ئەو خاك ونیشتیمانە، هەروەها پتەوكردن و بەهێزكردنی یەكڕیزی نێوماڵی كورد و پرەنسیپەكانی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی.

لەو بۆنەیەدا جارێكی دیكە دووپاتی دەكەینەوە، كە ئەمڕۆ لەبەردەم ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمان گرینگداین كە پاراستنی دەسكەوتەكانمان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە، ئەو ئەركەش بەهەماهەنگی و رێککەوتن و پێكەوەیی هێزە دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و بەرپرسیارەكان دێتـەدی بە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و سەركردایەتیەكی سیاسی یەكدەست و پەرلەمانێك لەخزمەت هاووڵاتیان و دەستەبەركردنی مافەكانیان دابێت، هەروەها سوور دەبین لەسەر زیاتر خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلەكەمان و چاكتركردنی بژێوی ژیانیان و بەرەوپێشبردنی گوزەرانیان وچارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و زیاتر ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە ھەموو رویەکەوە.

  بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم و شۆڕشگێرانە لە  جەماوەری خۆراگر و نەبەردی گەلەكەمان و كوردستانیانی خۆشەویست دەكەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەكانی رێگای رزگاری و ئازادی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد دادەنوێنین...

دروود بۆ شەهیدانی راپەرینە شكۆدارەكەی ئاداری 1991، لەشاری رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تاوەكو كەركووكی دڵی كوردستان..

سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێگای ئازادی و  رزگاریی و تێكڕای ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان لەپێناوی نیشتیمانەكەیاندا بەخشی..

سڵاو بۆ پێشمەرگە نەبەزەكانی كوردستان..

شكۆدار و سەرفراز بێ یادی راپەڕین..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
5ی ئاداری 2019

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە