پەیامی کورد ... مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و، هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردی(٢٧٢٢) لە نێو دیرۆک و کولتووری کوردەواری دا داب و نەریتێکی دێرین و ناسنامەیەکی هەمیشە زیندوو و گرینگ بووە، لە نێو ئەو یادوبیرەوەریانەشدا گیانی بەرخۆدان و رووبەروبوونەوەی ستەم و زۆرداری بەدی دەکەین.
نەورۆز وەک هەمیشە نیشانەی بووژانەوە و سرووش بەخشی نوێبوونەوەی سرووشت بووە، هەروەها هەوێنی نەسرەوتن و بەردەوام بوونە لەسەر رێچکە و رەوتی تێکۆشان و پاراستنی قەوارە و هەبوون و دەسکەوتەکانمان.
یادی نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی و هێمای پێکەوەژیان و هۆشیاری و سەرهەڵدان، دەرفەتێکە بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی نێوخۆیی و هاوئاهەنگی زیاتر و لێکنزیک بوونەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ یەکخستنی ووتاری سیاسی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و رەتدانی ئەو قۆناغە هەستیارەی کە هەرێمی کوردستان و عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێ.
هیوادارین بۆ لەمەودواش هەموو لایەک بە هێز و گیانی بەرپرسیاریەتی کار بکەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی کاری لەپێشینەی کار و خیتابی سیاسیمان بێ بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکانی پەیوەست بە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەو بۆنە پیرۆزە هاوکاتە لەگەڵ یادەکانی راپەڕین و رۆژی ئازادکردنی شاری کەرکووکی دڵی کوردستان لە (٢١ـی ئاداری ١٩٩١)، بۆیە هەر بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە هاووڵاتیان و خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری شاری کەرکووک دەکەین و هیوای سەرفرازی و ئاسوودەییان بۆ دەخوازین.
لەو رۆژەدا جەخت دەکەینەوە لە سەر بەدیهێنانی خواست و ئامانجەکانمان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پاراستنی ئەو ئەزموونەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین کوردستانیانی خۆشەویست لە ناوەوی هەرێم و لە دەرەوە ئەو جەژنە نەتەوەییە بە ئارامی و خۆشی و شادی بەسەربەرن.
جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە گەلی کورد و خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکان و سەرجەم کوردستانیان پیرۆز بێت.. لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆز بێت..
کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان و شکۆدار بێت..
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
نەورۆزی٢٧٢٢ی کوردی
٢١ـی ئاداری ٢٠٢٢
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە