پەیامی کورد ... دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا لە سلێمانی دەستی پێکرد .
بەڕێوبەرایەتی كارەبای پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ سێشەممە 2-7-2019 دەستكرا بەڕوپێوكردنی تۆڕی دابەشكردنی كارەبای سنووری ناحیەی بەكرەجۆ بەمەبەستی بەستنی پێوەری زیرەك.
لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، بەڕێوبەرایەتی كارەبای پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە بەئامادەبوونی هەریەك لە بەڕێوبەری گشتی كارەبا و بەڕێوبەری دابەشكردنی كارەبای سلێمانی و سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی سەرپەرشتیاری بەستنی پێوەری زیرەك و لێپرسراوی فەرمانگەی كارەبای بەكرەجۆ و نوێنەری كۆمپانیای میدیا تیك، لە سنوری بەكرەجۆ دەستكرا بەروپێوكردنی تۆڕی كارەبای سنوورەكە وەك ئامادەكارییەك بۆ بەستنی پێوەری زیرەك.
ڕوونیشكراوەتەوە، ئەم روپێوكردنە بۆ ئامادەكاری تەكنیكیە بۆ دانان و بەستنی پێوەر لەسەر ستونەكانی كارەبا و بڕیاریشە بەمنزیكانە دەست بكرێت بەبەستنی پێوەرەكان لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە.
پێشتریش هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبای بۆ رادیۆ نەوا وتبوی، دەستیانكردوە بە بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا و لە هەندێك شوێن وەك ناوچەی پیشەسازی و گەڕەكێكی شاری هەولێر خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دواتر لە سلێمانیش لەو شوێنانە دەبەسترێت بۆئەوەی كێشە و گرفتەكان دیاریبكرێن، دوای ئەوەی لە ژێر تاقیكردنەوە دەرچوو، لە تەواوی ناوچەكانی هەرێم دەبەسترێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە