پەیامی کورد ... دەنگۆی دواكەوتنی راگەیاندنی لیستی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكان بۆ ئەم مانگە بڵاو دەبێتەوە، جێگری بەڕێوبەری گشتی ژمێریاری لەوەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "تا ئێستا ئاگادار نەكراوین لەوادەی دابەشكردنی مووچە". سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش رەتیدەكاتەوە ئەو زانیارییانە فەرمی بن و رایدەگەێنێت : هیچ هۆكارێك نییە بۆ دواكەوتنی دابەشكردنی مووچەو ناردنی مووچەش لە بەغداوە بەردەوام دەبێت.
لیوا ئاسۆ عەبدوڵڵا جێگری بەڕێوبەری گشتی ژمێریاری لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئێمە پێشتر لیستی مووچەمان ئامادەكردووە، بەهیچ شێوەیەك ئاگادار نەكراون لەوادەی دابەشكردنی مووچە كە دوا دەكەوێت بۆ ١٠ی ئەم مانگە یاخود وەكو پێشتر لە ٥ی مانگ دابەشدەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی باسی لەدواكەوتنی دابەشكردنی مووچە نەكردووە بۆ ئەم مانگە ئەوەی دەوترێت تەنها دەنگۆیە.
سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی وت: "هیچ گرفتێك بۆ دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە نییەو ناردنی مووچەش لە بەغداوە بەردەوام دەبێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە