پەیامی کورد ... ئەمریکا داوا لە هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات یەکگرتوو بن و دانووستانەکان بگەیننە ئامانج
سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا رایگەیاند، ئەمریکا ڕەتی کردووەتەوە کە ھیچ ھەنگاوێک بێ ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان بنێت و، داوا دەکات کورد یەکڕیز بن و دانووستان دەست پێبکاتەوە.
نەواف حەسەن، ڕایگەیاند : "ئەوەی تەڤدەم بڵاوی کردووەتەوە کە گوایە ئەمریکا بۆ ھەموو ھەنگاوێک دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە، ئەمە ڕاست نییە و ئەمریکا ئەوەی ڕەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە، کە ھەر ھەنگاوێک بنرێت، بێ ئەنەکەسە نابێت، بۆیە ئەمریکا داوا دەکات کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەکگرتوو بێت و دانووستانەکان دەست پێبکەنەوە، ئێمەش بۆ ئەو کارە مەرجمان ھەیە، چوونکە ناکرێت تەڤدەم لە کردەوەکانیان دژی ئێمە بەردەوام بن و دانووستانیش بکرێت".
حەسەن ووتیشی: "تەڤدەم ماوەی چوار ساڵە ١٠بەرپرسی پارتەکانی سەر بە ئەنەکەسەی دەستگیر کردووە و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و ئامادەش نین چارەنووسیان دیاری بکەن، کەسوکاری گیراوانیش ھاتوون بۆ لای ئێمە و داوا دەکەن تەڤدەم چارەنووسی زیندانیان دیاری بکەن، جا بە زیندوویی بێت یان بە مردوویی".
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "تەڤدەم و سەرۆکی شاندی ئەوان بۆ دانووستان، بەردەوامن لە دژایەتیکردنی ئێمە، ئەوەش رێگا خۆش ناکات بۆ ئەوەی دانووستانەکان دەست پێبکەنەوە، چوونکە ناکرێت دانووستان بەو شێوەیە بەردەوام بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە