ئەمریکا..لەسەر راگرتنی فرۆشتنی چەک بەتورکیا پرۆژەیاسایەک دەدرێتە کۆنگریس

بەرواری بڵاوکردنەوە :
ئەمریکا..لەسەر راگرتنی فرۆشتنی چەک بەتورکیا پرۆژەیاسایەک دەدرێتە کۆنگریس

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە کە بەشێکی پەیوەستە بە ڕاگرتنی فرۆشتنی چەک بە تورکیا.

ئاژانسەکە ئاشکرایکردووە، کە دوێنێ هەینی (٤)ی ئایار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وردەکاری پڕۆژەیاساکە خراوەتەڕوو، کە تیایدا هاتووە، دەبێت وەزارەتی بەرگری ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە بە کۆنگرێس بدات.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە تا ئەو کاتەی ئەو ڕاپۆرتە تەواودەبێت فرۆشتنی پێداویستی سەربازی پێشکەوتوو بە تورکیا ڕابگیرێت.

رۆیتەرز ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، کە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاسایە دەربارەی تەرخانکردنی (٧١٧) ملیار دۆلار ساڵانەیە بۆ لایەنی بەرگری وڵاتەکە، هەروەها هەوڵدان بۆ ڕکابەریکردنی ڕوسیا و چین لەڕووی بەرگرییەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی سەر بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆی ئەنجامبدات لەبارەی پارەی تەرخانکراوی لایەنی بەرگری وڵاتەکەی و تاوتوێکردنی سیاسەتەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پارەیەی تەرخاندەکرێت.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی هاوکاری و پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەهێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا گرژی تێکەوتووە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە