بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی داوکاری گشتی ئەڵمانیا بڕیاری دەستگیرکردنی بەرپرسێکی سەربازیی سوریای دەرکرد.
ڕۆژنامەی دێر شپیگل بڵاویکردووەتەوە، داواکاری گشتی ئەڵمانیا بڕیاری دەستگیرکردنی ژەنڕال جەمیل حەسەن بەڕێوەبەری هەواڵگری هێزی ئاسمانی سووریای دەرکردووە کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەو ووڵاتە و لە ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٣ فەرمانی بە ئەفسەرەکانی کردووە ئازار و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوان بدەن و دەستدرێژی سێکسییان بکەنەسەر و بیانکوژن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دێر شپیگل بەشێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی جەمیل حەسەن کراون، لەڕێگەی کۆمەڵێک وێنەوە ئاشکرابوون کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی قەیسەر دزەیان پێکراوە، ناوبراو فەرماندە بووە لە سوپای سووریا و لە ساڵی ٢٠١٣وە وڵاتەکەی جێهێشتووە و لەگەڵ خۆیدا زیاتر لە ٥٥ هەزار وێنەی بردووە کە تیایاندا تەرمی قوربانییەکان پیشاندەدرێن و ئاسەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستەیانەوە دیارە.
شایەنی باسە ئەگەرچی ئەو تاوانانە لە دەرەوەی ووڵاتی ئەڵمانیا ئەنجامدراون، بەڵام بەپێی یاساکانی ئەو ووڵاتە دەکرێت پەڕاوی یاسایی بۆ هەر تاوانێک بکرێتەوە بەبێ گوێپێدانی شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە