پەیامی کورد ... ژنێکی دوو گیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا
ژنێکی لاوی دوو گیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە پیرانشار دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گوازراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١،، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ژنێکی لاوی دوو گیانیان بە ناوی ”سوعدا خەدیرزاده“ تەمەن ٣٢ ساڵ بە بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری دەستبەسەر کردووە.
ئەم ژنە گەنجە دوای دەستبەسەر کران ڕۆژی شەممە ١٦ی ئۆکتۆبر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوعدا خەدیرزاده دووگیان بووە و پێویستی بە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیانی هەیە، بەڵام بەوحاڵەش شوێنی ڕاگیرانی نادیاره و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی خێزانەکەی.
هەتا کاتی ئاماده کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خراونەتە پاڵ سوعدا خەدیرزاده، لەبەر دەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە