ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا

پەیامی کورد     ...   ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندرا

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ به‌ دابینكردنی ئاوی پاك و نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتیان، كێشه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین و گرانبوونی نان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كان به‌ ڕێكاری ته‌ندرووستی تاوتوێده‌كات
به‌گوێره‌ی راگه‌ێندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبوه‌وه‌ .

له‌راگه‌ێندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی ئیمانۆئێل ماكڕۆن سه‌رۆكی فەڕه‌نسا كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌ سه‌ردانێكی گرینگ و مێژوویی ناوبرد كه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی گرینگیدانی فه‌ڕه‌نسایه‌ به‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و نیشانه‌ی پێگه‌ی به‌هێزی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا.
پاشان هه‌ریه‌ك له‌ فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی گرینگی به‌شداری هه‌رێمی كوردستان له‌ دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و سووده‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو .

له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری و ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ، تیشكیان خسته‌ سه‌ر میكانیزمی جێبه‌جێكردنی بڕیاری دوا كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی بۆ هاووڵاتییان له‌ وه‌رزی سه‌رما و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین به‌ ڕه‌چاوكردنی ته‌ندرووستی وژیانی هاووڵاتییان و به‌رگرتن له‌ هێنانی سووته‌مه‌نی كوالیتی خراپ بۆ ناو هه‌رێم، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق خرایه‌ڕوو بۆ ناردنی به‌نزینی ئۆكتان به‌رز و نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بكه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. 

بڕگه‌ی سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌، خستنه‌ڕووی ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بو سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فڕن و نانه‌واخانه‌كان و گرانبوونی نرخی نان و سه‌موون و ئاسانكاری و پشتیوانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌م بواره‌دا، ئه‌و بڕیارانه‌ خرانه‌ڕوو كه‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ ماوه‌ی ڕابردوو ده‌ریانچواندوون بۆ پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری وپشتیوانی وه‌زاره‌ته‌كان بۆ نانه‌واخانه‌ و سه‌موونخانه‌كان له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان و ڕێكخستنه‌وه‌ی بابه‌تی هێنانی ئارد له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ڕاسپارد ، ڕێكاریی پێویست وه‌ربگرن بۆ پشتیوانی ئه‌م بواره‌ و كاركردن بۆ دڵنیابوون له‌ كوالیتی ئاردی هاورده‌كراو له‌ ڕووی خۆراكی وته‌ندرووستیه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاریدا لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنرێت بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م بابه‌ته‌ و وه‌رگرتنی ڕێكاریی یاسایی به‌رامبه‌ر سه‌رپێچیكاران، ئه‌ویش به‌ ئاراسته‌ی پاراستنی ژیان و ته‌ندرووستی هاووڵاتییان ودابینكردنی نان وسه‌موون كه‌ پێداویستی سه‌ره‌كین به‌ گونجاوترین نرخ و كوالیتی و ڕاسپاردنی لیژنه‌كانی قایمقامیه‌ت و ئاسایشی بازرگانی بۆ به‌دواداچوونی بازاڕ.

له‌ بڕگه‌ی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و بێگه‌رد تاڵه‌بانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، پڕۆژه‌ وهه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانیان بۆ  دابینكردنی ئاوی پاك بۆ هاووڵاتییان خسته‌ڕوو، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری پاراستنی ئاوی ژێر زه‌ویی و به‌رگرتن له‌ زیادبووونی دابه‌زینی ئاستیان و سوود وه‌رگرتن له‌ سه‌رچاوه‌كانی ئاوی سه‌رزه‌وی له‌ ڕێگای ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی به‌نداو و پۆنده‌كان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو و دابینكردنی بوودجه‌ی به‌كاربردنی پێویست بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاوی شاره‌كان.

دواتر ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندرووستی باسیان  له‌ ئاماده‌كاریی و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزیی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و ده‌سپێكی ساڵیی نوێی خوێندنی 2021-2022  به‌ ئاراسته‌ی زیادكردنی سه‌نته‌ره‌كانی پێدانی ڤاكسین به‌ مامۆستایانی په‌روه‌رده‌  و مامۆستا و قوتابی و فێرخوازانی زانكۆ و په‌یمانگاكان، ئه‌نجومه‌ن وه‌زیران جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی گرنگیدان وبره‌ودان به‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن و مامۆستایان كه‌ خوڵقێنه‌ری نه‌وه‌یه‌كی خوێنده‌وار و ته‌ندروست وڕۆشنبیرن به‌ ڕه‌چاوكردنی پاراستنی ژیان وته‌ندرووستیشیان.
له‌كۆتاییدا ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و وه‌زاره‌تی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وه‌رگرتنی ڕێكاری پێویست بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی مامه‌ڵه‌كردن به‌ سیم كارتی مۆبایلی بێ فۆڕم وبه‌رایی،  به‌ شێوه‌یه‌ك پێویسته‌ له‌مه‌ودوا  ته‌واوی زانیاری كڕیارانی سیمكارت دیاربێت ،  هه‌موو ئه‌و سیمكارتانه‌ش ڕابگیرێن كه‌ بێ فۆڕمن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، پێویسته‌ كۆمپانیاكانی مۆبایل پابه‌ند بن و وه‌زاره‌تی ناوخۆ ڕاسپێردرا ڕێكار به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیكارانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن به‌شێوه‌یه‌كی خراپ به‌كارده‌هێنن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە