پەیامی کورد... ھەنگاو: مانگی رابردوو 78 کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو دەڵێت، لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ئەیلول لەسێدارەدان بەرێژەی 65% زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا 78 کەس لەسێدارەدراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیانی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ئەیلولدا 53کەس لەسێدارەدرا بوون، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەکەم ئامارەکە 65% زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا 78 کەس لەسێدارەدراون، بەوپێیەش ھەموو رۆژێک پێنج کەس لەسێدارەدراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەناو ئەوانەشی لەسێدارەدراون، 35 کەسیان بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکان، 33 کەسیش بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، 5 کەسیش بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و 7 کەسی دیکەش بە تۆمەتی ناڕوون لەسێدارەدراون.
بەگوێرەی ئامارەکە لەناو لەسێدارەدراوەکاندا، 18 بەندکراوی بەلووچ، چوار بەندکراوی کورد، چوار بەندکراوی تورک و پێنج بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان ھەبوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە