نیوەی ئەو کەسانەی مانگی ڕابردوو لەئێراندا دەستبەسەر کراون کوردن

نیوەی ئەو کەسانەی مانگی ڕابردوو لەئێراندا دەستبەسەر کراون کوردن

پەیامی کورد... نیوەی ئەو کەسانەی مانگی ڕابردوو لەئێراندا دەستبەسەر کراون کوردن

لە ماوەی مانگی مەیی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٠٧ هاووڵاتی کە ٢١ کەسیان ژن بوون، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون. نیوەی ئەو کەسانەش کە دەستبەسەر کراون هاووڵاتییانی کورد بوون.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەیی ٢٠٢٣، لانی کەم ١٠٧ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە، لە شارە جیاوازەکانی ئێران و لەلایەن ناوەند و هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ئامارە تۆمارکراوە، نیوەی ئەو دەستبەسەرکراو و ڕفێندراوانە (واتە ٥٤ کەس) لە کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوەکان، کورد بوون، ١٢ کەسیان بەلووچ بوون و ٨ کەسیشیان چالاکانی مەدەنیی تورک بوون.

شایانی باسە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گوشاری دامودەزگا حکوومەتییەکان بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان زیادی کردووە و لە ماوەی مانگی مەیدا لانی کەم ١١ چالاکی کەمینە ئایینییەکان لە ئێراندا دەستبەسەر کراون کە ٦ کەسیان پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون. هەروەها سێ چالاکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان و دوو چالاکی سوننە لە کوردستان و بەلووچستان لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

لەم ماوەیەدا دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٢١ چالاکی ژن، ٦ چالاکی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکار، ٦ مامۆستای قوتابخانە و خوێندکارێکی زانکۆش لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە