ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە

ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە

پەیامی کورد... ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە

دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی “کەیومەرس لەتیفی” لە چالاکانی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی کوردی خەڵکی سنە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕینی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی “کەیومەرس لەتیفی” چالاکی مەدەنیی ناسراو و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری سنە، سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانی لای بنەماڵەکەی دروست کردووە.

کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، دوای ئەوەیکە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، هەڵیانکووتایە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کرد، لەو کاتەوە وێڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەو بارەوە هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

شایانی باسە کە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعات، گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ناوبراو و بەتایبەت خوشکەکانی و لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەمیدیایی کردنی ئەو باسە و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیان لە “فەرید لەتیفی” برازای ناوبراو کردووە کە ئێستا نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمانە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە