ژنێکی کورد بە دەستی باوکی و براکانی کوژرا

ژنێکی کورد بە دەستی باوکی و براکانی کوژرا



پەیامی کورد... ژنێکی کورد بە دەستی باوکی و براکانی کوژرا



ژنێکی لاو کە قوربانیی شووکردن بە منداڵی بووە، بە ناوی مریەم سولەیمانی و خەڵکی ناوچەی ئەلەندی سەر بە شاری خۆی، لەلایەن باوکی و دوو برایەوە پاش ئەوەی کە سەریان تاشیوە و ئەشکەنجەیان داوە، بە بیانووی ئەوەی کە پێی دەوترێت پاراستنی نامووس و شەرەف، کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٢۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٤ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، ژنێک بە ناوی مریەم سولەیمانی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "قەزەڵ‌ئاخ"ی ناوچەی ئەلەند سەر بە شاری خۆی، بەهۆی ئەوەی پێی دوەترێت "پەیوەندیی دەرەوەی بازنە ژن و مێردی"، لەلایەن باوک و براکانییەوە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بڵاوکردنەوەی فیلمێکی تایبەت و تاکەکەسی لە مریەم سولەیمانی، باوکی مریەم پاش ئەوەی کە بانگی کردووەتەوە بۆ ماڵی خۆیان، هاوکات لەگەڵ دوو کوڕەکەیدا (براکانی مریەم) سەری کچەکەیان تاشیوە و دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر، ناوبراویان هەڵواسیوە.


ئەو ژنە قوربانییە، دایکی سێ منداڵ بووە و یەکێک لەو ژنانەی کۆمەڵگەیە کە هەر بە منداڵی، واتە لە تەمەنی ١۵ ساڵیدا بەشوو دراوە و هەر لەو کاتەوە لەگەڵ شووەکەیدا لە ناوچەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی ژیاون.


لەم پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی کۆتۆل وێڕای مەحکووم و ئیدانەکردنەکردنی کوشتنی ئەو ژنە، ئەو تاوانەیان بە قوربانیی پیاوسالاری لەقەڵەم داوە و داوایان لە هەموو هاووڵاتییان کردووە کە لەم پەیوەندییەدا ڕێگەیەکی هۆشیارانە بگرنە پێش و پێش لە دووپاتبوونەوەی وەها کردارێکدا ڕابوستن.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە