پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: عێراق یەک ملیۆن بێسەروشوێنبووی تێدایە
نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردووەتەوە، عێراق زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنبوونی تێدایە لە جیهاندا و لە ماوەی نیو سەدەدا و لە سەردەمی سەددام حوسێن و داگیرکاری عێراق و دەرکەوتنی داعشدا یەک ملیۆن کەس دیارنەماون.
لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە حاڵەتەکانی دیارنەمان لە عێراق ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا لە سەردەمی ڕژێمی سەددام حوسێن و دواتر داگیرکاری ئەمریکا و دوای ئەوەش دەرکەوتنی ڕێکخراوی داعش، نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی پێسەروشوێن بوون.
باس لەوەشکراوە، داوا لە عێراق دەکەن کە زۆرترین ژمارەی ونبووی تێدایە لە جیهاندا، بەدوای چارەنووسی ئەو کەسانەدا بگەڕێت و تاوانباران سزا بدات، بەڵام دیارنەمانی زۆرەملێ لە یاسای عێراقیدا تاوان نییە و ئەوەش ڕێگرە لەبەردەم یەکلاکردنەوەی چارەنووسی بێسەروشوێنبوواندا.
ئەوەش هاتووە، لەناو ئەو ژمارەیەدا 290 هەزار کەس کە لانی کەم 100 هەزاریان کوردن لە لەناوبردنی بەکۆمەڵدا دیارنەماون لە نێوان ساڵانی 1968 بۆ 2003، دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بێسەروشوێن بوون بەردەوام بووە و لانی کەم 200 هەزار کەس دەستگیر کراون کە نیوەیان لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە بووە، بەشێک لەو کەسانە بە تۆمەتی یاخیبوون و بەشێکیان لە کاتێکی خراپدا لە شوێنێکی خراپدا بوون و هاووڵاتی مەدەنی بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوەش کردووەتەوە، دوای ئەوەش هەر بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی بەردەوام بووە ئەویش بەهۆی دەرکەوتنی ڕێکخراوی داعش کە بەشێکی زۆری خاکی عێراقی داگیر کرد.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە