ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

پەیامی کورد... ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران بەردەوامە

لە درێژەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندان لە دەیان شاری ئێران و کوردستان ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەڕێوە چوو.

بەدواداچوون بۆ کێشەی مووچەی مانگانە و چەندین داواکاریی دیکە، لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی مامۆستایانن.

لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام، لوڕستان، تاران، یەزد، شیراز، ئەراک، مەشهەد، قەزوین و چەندین پارێزگای دیکە ناڕەزایەتیی مامۆستایان بەڕێوە چووە.

مامۆستایانی کورد نەک لە ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی ئێرانیشدا بەشدارییان هەبووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە شاری بۆکان حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران چەندین مامۆستای بە ناوەکانی "نادر ئەمین‌زادە"، "سەلمان ئیمام زەنبیلی" و "مەولوود خوانچەزەرد" بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کردووە و هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری بکەن.

لەو ناڕەزایەتییانەدا مامۆستایان داوای ئازادیی هاوکارە زیندانییەکانی خۆیان کردووە و لەنێوان مامۆستایان و هێزە ئەمنییەکاندا شەڕ و تێهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە و نزیک بە ١٥ مامۆستا دەستبەسەر کراون.

لە هەندێک شار، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران چوونەتە قوتابخانەکان و هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەران و مامۆستایانی قوتابخانەکان کردووە کە لە ئەگەری بەشداری لە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکاندا لێپێچینەوەیان لێ دەکرێت.

ئەو ناڕەزایەتییانە لە کاتێکدایە کە ماوەیەک لەوە پێش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕژێم بە مەبەستی ترساندنی مامۆستایان و دەستبەسەرکردنیان لە ئەگەری بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا، چەندین بەخشنامەی دابووە دەرەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە