پەیامی کورد ... بەڕێوبەری كارگەی گازی هەولێر گوتی، بە هۆی گۆڕانكاری لە كۆمپانیای دابینكردنی غاز، هەندێك گرفتی كەمی غاز دروست ببوو، بەڵام لە ئێستادا كێشەكە چارە كراوە و ئەمڕۆ نرخی گاز ئاسایی دەبێتەوە.
بەختیار عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری كارگەی گازی هەولێر رایگەیاند: "هەموو ساڵێك لە كۆتایی ساڵدا كۆمپانیای داناگاز گرێبەستی نوێ دەكاتەوە و پێش كۆتایی ساڵ غاز بە ئێمە دەفرۆشێت، ئەمساڵیش پێش كۆتایی ساڵ گرێبەستەكە تازە كرایەوە و درا بە كۆمپانیایەكی دیكە، بەڵام تاوەكو ئێستا دەوروتەسلیم نەكراوە، بۆیە ئەو بەشەی ئێمە پێویستمانە، بە دەستمان ناگات، هەر بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان سەرقاڵی چارەكردنی ئەو گرفتەن".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "بە هۆی ئەو گرفتەوە، نرخی گاز هەندێك گران بوو، چوونكە لە سلێمانی بە نرخێكی گرانتر و رێژەیەكی كەمتر دەدرایە كارگە ئەهلییەكان، بۆیە داوامان لێ كردن لە سەرچاوەی دیكە پەیدای بكەن لە دەرەوەی ووڵات، بۆیە توانرا كێشەكە چارەسەر بكرێت و ئەمڕۆ نرخی گاز ئاسایی دەبێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "كارگەی گاز لە سلێمانی هەم گازی كەم بە ئێمە دەدا و هەمیش بە گرانی دەیداینێ، بۆیە پێویستە بازاڕ قۆرغ نەكرێت و ناكرێت بەو شێوەیە بێت و دەبێ چاودێری بكرێن، چوونكە شتێك نییە بە ناوی گازی بازرگانییەوە و هەر كەسێك گاز بە گران بفرۆشێت، رێگری لێ دەكرێت".
دەشڵێ، ئەوەی جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە، ئەمڕۆ كێشەكە چارەسەر بووە، چوونكە هیچ سكاڵایەكمان بە دەست نەگەیشتووە وەكو رۆژانی ڕابردوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە