کۆنسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر  :  ئەمریکا ڕۆڵی خۆی بۆ نزیکبوونەی پارتی و یەکیتی بەردەوام دەکات

کۆنسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر  :  ئەمریکا ڕۆڵی خۆی بۆ نزیکبوونەی پارتی و یەکیتی بەردەوام دەکات

پەیامی کورد      ...    کۆنسۆڵی ئەمریکا لە هەولێر   :  ئەمریکا ڕۆڵی خۆی بۆ نزیکبوونەی پارتی و یەکیتی بەردەوام دەکات

کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر لە دیبەیتێکی ئۆنلایندا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوە و هەماهەنگی کردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکی هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی و ووتیشی:"ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ئەو رۆڵە".

لەمیانی بەشداریکردنی لە دیبەیتێكی ئۆنڵاینی پەیمانگەی واشینتۆن تایبەت بە کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان، رۆب وۆلەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ئەمریکا رۆڵێكی کارای گێڕا لە نزیککردن و زیاترکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی نەک تەنیا لە بواری پەرەپێدانی کەرتی گاز و سەرچاوەکانی وزە، بەڵکوو لە نزیککردنەوەی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وۆلەر رایگەیاند، بەرەوپێشچوونێك لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گۆڕان هەیە، خواستێكی بەهێزیش هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك کە خزمەت نەک تەنیا بەو دوو پارتە بگەیەنێت بەڵکو بە هەموو کوردستان، گوتیشی: "ئەمریکا لە پشت پەردەوە بەردەوامدەبێت لە گێڕانی رۆڵی ئەرێنی لە نزیککردن و پێکەوەکارکردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە".

وۆلەر راشیگەیاند، مێژووی چەند دەیەی رابردوو ئەو راستییەی سەلماندووە کە هەر کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکدی نزیکبووبن کاریگەریی بەهێزتریان هەبووە و دەرهاوێشتەی ئەرێنی ئەو لەیەکنزیکبوونەوە لەسەر کوردستان جێهێشتووە، بەڵام بە گوتەی وۆلەر هەر کاتێک پارتی و یەکێتی ناکۆکبووبن ئەوا کاریگەریی سیاسییان بەتایبەتی لە ئاست حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کەمتر بووە.

کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرینگی رێکخستنی دیبەتی ئۆنلاین تایبەت بە کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، سازدانی ئەمجۆرە دیبەیتانە رێگە بە بازرگان و وەبەرهێنەرانی کەرتی وزەی ئەمریکا دەدات بەباشی لە دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی کارکردن لە هەرێمی کوردستان تێبگەن.

رۆب وۆلەر راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان یەدەگی گەورەی سەلمێندراوی نەوتی هەیە کە زیاتر لە ٤٥ ملیار بەرمیلە، هەروەها ترلیۆنان مەتر سێجا لە گازی سرووشتی هەیە، ئەو دوو سامانە لەنێو هەرێمێک کە ژمارەی دانیشتووانی لە سەرووی 5 ملیۆن کەسن، وای لێدەکات ببێتە شوێنێكی یەکجار ئەرێنی و بەسوود بۆ کارکردن و وەبەرهێنان.

کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا رایگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەوە بووە هەتا ئەوان کاری زیاتر بۆ لەبارخستنی ژینگەیەکی ئەرێنی دادوەرانە بۆ کار و بازرگانی بکەن، وەبەرهێنانی زیاتر روو دەکاتە هەرێمەکەیان.

رۆب وۆلەر سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو هەنگاوانەی کە لە ئاست کۆمپانیاکانی ئەمریکای ناون و بوونەهۆی سەرکەوتنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان، ووتیشی: "بەگەڕخستنی سەرچاوەی زیاتری غاز، توانای وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن و بەوەش کێشەی کارەبا تاوەکو رادەیەکی زۆر چارەسەر دەبێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە