پەیامی کورد ... وا پێدەچێت سەرۆکی پەرلەمان چیتر بەشداری دانیشتنەکانی پەرلەمان نەکات
ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە، بانگهێشت بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكات، كە سوودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت "پەرلەمان چالاك نییە، سەرۆكایەتی پەرلەمان هۆكارە".
ئەمڕۆ رێواز فایەق لەلێدوانێكی رۆژنامە وانیدا ئاماژەی بەوەكرد یاداشتی بەشێك لە سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانیان پێگەیشتوە و تاووتوێی دەكەن، بۆ كۆبوونەوەش لەگەڵیان بڕیاری خۆیان دەدەن.
لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستانیش وتی "دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەوكاتە دەبێت، كە شكۆی پەرلەمان بگەڕێتەوە و پەرلەمان بڕیاری هەبێت، بۆیە من بانگهێشتی هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان ناكەم ئەگەر سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبێت".
لەلایەن خۆیەوە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "تائێستا پەرلەمانی كوردستان چالاك نەبوە، چوونكە قسەی لەسەر كێشەكان نەكردوە، پێویستە فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆببنەوە و دەبێت قسە لەسەر كێشە جدییەكان بكات، ئەو ناچالاكییەی هەیە لە ئەستۆی سەرۆكایەتی پەرلەمانە، كێشەكەش لای سەرۆكایەتییە، بۆیە گەنگەشەی ئێمە ئەوەیە لە ئایندەی نزیكدا كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو سەرۆك فراكسیۆنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت تا ئەم دۆخە تێپەڕێنین".
باسی لەوەشكرد، ئێستا بەشێك لە فراكسیۆنەكان داواكارییان داوەتە سەرۆكایەتی بۆ كۆبونەوە لەسەر كۆمەڵێك دۆسیەی جیاواز لەوانەش قاچاغ و دزی لە خاڵە سنورییەكان، هەروەها خەڵك نانی نییە بیخوات.
عەلی حەمەساڵح ووتیشی "كۆبوونەوەی سەعات ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا نەكرا، چوونكە دەبێت كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە