چوار بەندکراوی کورد مانیان لە خواردن گرتووە

چوار بەندکراوی کورد مانیان لە خواردن گرتووە

پەیامی کورد... چوار بەندکراوی کورد مانیان لە خواردن گرتووە

پیمان یاسمی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، سامان و سەجاد مورادی وەندان، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پشتگوێخستنی دۆسییەکانیان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و بارودۆخی خراپی شوێنی ڕاگیرانیان لەبەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەیمان یاسمی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، سامان مورادی وندان و سەجاد مورادی وندان لە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣) مانگرتن لە خواردنیان بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ناڕوونی چارەنووسیان و بارودۆخییان لە بەندیخانە دەست پێکرد.

هەنگاو، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ هەواڵی ڕفاندنی پەیمان یاسمی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بڵاوکردەوە. پژمان یاسمی برای پەیمان، یەک مانگ پێش لە ڕفاندنی ناوبراو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرابوو.


هەروەها، ئەمیر حوسێن نامدارپوور و سامان مورادی وندان، بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لەدوای هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر ماڵەکانیان لە شاری ئاودانان ڕفێندران.

سامان مواردی وەندان پێشتر، لە جێگای براکەی سەجاد مورادی وندان، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە بارمتە گیرابوو و دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکران ئازاد کرابوو.


سەجاد مورادی وندان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە ئەنجامی هێرشێکی هێزە حکوومەتییەکان بۆ خانەباخێک لە نزیکی مزگەوتی مەسجد سولەیمان ڕفێندرا.


ئەم چوار هاووڵاتییە دوای لێپرسینەوە و ڕاگیرانیانی لە ناوەندە ئەمنییەکان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترانەوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەدا چارەنووسیان ناڕوونە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە