پەیامی کورد... کوژرانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە خۆپیشاندانەکان شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لانی کەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی زەکەریا خەیاڵ (کوڕی سڵیمان) تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی پیرانشار و فەرجاد دەرویشی تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی ئورمیە کوژران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەکەریا خەیاڵ تەمەن ١٦ ساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییەکان خەڵک لە پیرانشار بە بۆنەی شەرمەزارکردنی کوژرانی مەهسا ئەمینی لە بەشی سەریەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار بووە و گیانی لەدەست داوە.
لە لایەکی دیکەوە، فەرجاد دەەروێشی خەڵکی گوندی باڵوو سەر بە شاری ئورمیە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شەقامی وەلی عەسری ئورمیە دراوەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە کاتی گەیاندن بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەی هەنگاو، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٧ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی دێولان، دیواندەرە، سەقز، ئورمیە و پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان حکومەتی ئێران کوژراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە