ئۆفیسی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیێنێت، راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، ستاییشی حكوومەتی هەرێمی لە چەند بابەتێكی گرینگدا كردووە، وەك پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران.
رۆژی 20/4/2017، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان بڵاو كردەوە، ئەم راپۆرتە، بەشێكی تەرخان كراوە بە عێراق و تێیدا لە بارەی چەند پرسێكەوە سەرنج و تێبینیی خۆی خستووەتە روو، لەوانە پێشێلكردنی ئازادیی رادەربڕین و كاری ڕۆژنامەگەری، رەوشی چاكسازییەكان و ئەشكەنجەدان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، رەوشی كەمە نەتەوایەتی و ئایینییەكان و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەست بە رەوەشی مافی مرۆڤ.
لەم بارەیەوە، ئۆفیسی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
رۆژی 20/4/2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە جیهان بڵاوكردەوە، سەبارەت بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش تێبینی و سەرنجی خۆیان خستووەتە روو لە بارەی چەند پرسێكی تایبەت سەبارەت بە یاساكانی خۆپێشاندان، رەوشی كەمایەتییە ئاینییەكان، دەستگیركردنی تۆمەتبارانی داعش، ئازادیی رۆژنامەگەری و رادەربڕین، رەوشی بنكەكانی دەستگیركردن، لە هەمان كاتدا ئاماژەی بە چەند هەنگاوێكی گرینگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەم رووەوە و، ستاییشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە چەند بابەتێكی گرینگدا، وەك پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران.
لە بارەی خۆپێشاندانەكان، لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆپێشاندان هەیە كە بە یاسای (ڕێكخستنی خۆپێشاندان) ژمارە (11)ی ساڵی (2010) ناسراوە، بەپێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێكی یاسایی و دەستوورییە، بۆیە هەر خۆپێشاندانێك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی.
خۆپێشاندانەكانی ئەم دواییەی هەرێم مۆڵەتی یاساییان نەبووە و بەشێك لە خۆپێشاندەران هێرشیان كردووەتە سەر پۆلیس. سەرەڕای ئەمەیش دەزگا ئەمنییەكان بە شێوەیەكی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ خۆپێشاندەران كردووە، بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەكە لە مەبەستی سەرەكیی خۆی دوور نەكەوێتەوە، چونكە چەند لایەنێكی سیاسی هەوڵیانداوە سوود لە داوا ڕەواكانی خەڵك بە گشتی و بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپێشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان.
هەروەها ژمارەیەك لە خۆپێشاندەران لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دراونەتە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی كاری تێكدەرانەیان ئەنجام داوە، خودی خۆپێشاندانەكەیش مۆڵەتی یاسایی نەبووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادەن بۆ لێكۆڵینەوە لە هەر پێشێلكارییەك كە بەرامبەر بە خۆپێشاندەران ئەنجامدرابێت.
ئازادیی رۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێك خراوە لە هەرێمدا، بۆیە بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەن لە هەرێمی كوردستان كە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی كاركردنیان هەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بە پێی یاسا پارێزراوە. لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.
داخستنی چەند كەناڵێكی راگەیاندن بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێم بووە و بەم پێیەیش بڕیاری داخستنی چەند كەناڵێكی دەركرد. بە هۆی هاندانی توندوتیژی بە مەبەستی درووستكردنی پشێوی و شڵەژاندانی خەڵك و تێكدانی ئارامی و سەقامگیری و بەپێی یاسایی نەهێشتنی تیرۆر، هاندانی خەڵك و نانەوەی پشێوی ڕێگاخۆشكەرە بۆ ئەنجامدانی كاری تێكدرانە.
دەستگیركردنی ئەو كەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە و دادگاییكردنیان، یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژەی پێ كراوە. ئاشكرایە بەشی ھەرەزۆری راگوێزراوان لە رێگای ساترەكانی پێشمەرگەوە روویان لە ھەرێم كردووە، بەڵام لە ساتر ھیچ جۆرە لێكۆڵینەوە و وردبوونەوەیەك لە ناوەكاندا ناكرێت و سەنتەرەكانی پێشوازی فلتەری یەكەمە بۆ جیاكردنەوەی ناوەكانیان و پێویستە وردبینی لە زانیارییەكان بكرێت. پرۆسەی لێكۆڵینەوە لە سەنتەرەكانی پێشوازی تەنیا تۆماركردنی زانیاری و پرسیاركردنە لە ناو و شوێنی نیشتەجێبوونیان و بە شێوەیەكی ئاشكرا بە بەر چاوی خەڵك و رێكخراوەكانەوەیە پرسیار و وردبینیەكە ئەنجام دەدرێ. دواتر ئەو زانیاریانەی كە لە راگوێزراوان وەرگیراوە بۆ سەرچاوەكانی زانیاری دەنێردرێن بۆ دڵنیا بوون لە راستی و دروستییان، دوای دەستگیر كردنی كەسانی گومانلێكراو یان داواكراو كەسوكاریان لە دەستگیركردن و تۆمەتەكان ئاگادار دەكرێنەوە، ماوەی مانەوەیان لەلایەن ئاسایش تەنیا (٢٤) كاتژمێر بووە ئەگەر دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتبێت كە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە ھەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت كراون و ئەگەر ھیچ بەڵگەیەكی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد كراون.
لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ كە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە، پەیڕەو دەكرا، ئەو یاسایە تا ١٦/٧/٢٠١٦ كاری پێ كرا، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانەی لە كاری تیرۆریستییەوە تێوە گلاون، كار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار كراو دەكرێت.
بە شێوەیەكی گشتی لایەنە ئەمنییەكان چەند رێوشوێنێكی تایبەت دەگرنە بەر لە كاتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی گومانی پەیوەندیكردنیان بە داعشەوە لێ دەكرێت و ئەوانەی كە دەستگیر دەكرێن هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانیكردن و بوونی پارێزەر هەروەها كەسوكاریشیان لە دەستگیركردنیان ئاگادار دەكرێنەوە.
لە بارەی یەكسانی و پاراستنی مافەكانی ئافرەتان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، حكوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە لە رێگەی دامەزراوە و ریكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان كردوویەتی بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان كەم ببێتەوە و بەرەو نەمان بچێت، هەروەها بەردەوام هاوكاریی ئەو ئافرەتانەیشیان كردووە كە روویان لە شەڵتەرەكان كردووە بە جۆرێك كە لە ماوەی رابردوودا بە سەدان ئافرەت روویان لە شەڵتەرەكانی داڵدەدان كردووە و پاش هاوكاریكردنیان لەلایەن شەڵتەرەكانەوە و چارەكردنی بەشێكی زۆری كێشەكانیان بەشێكی زۆریان كەسیان شەڵتەرەكانیان جێ هێشتووە.
حكوومەت زەوییەكی فراوانی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی بكرێتە بینایەی بۆ شەڵتەری ھەولێر و نەخشەكەشی ئامادە كراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە كارەكان دواكەوتوون و لە ئیستادا دراوە بەچەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێكردنی ھەروەھا لە شەڵتەرەكان دایەنگا كراوەتەوە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە منداڵیان لایە. لەم دایەنگایە توێژەری كۆمەڵایەتی و فەرمانبەری بەشەكە سەرپەرشتییان دەكەن. ئەو منداڵانە تا تەمەنی ٥ ساڵ لەگەڵ دایكیان دەبن و ھەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین دەكرێت لە شەڵتەر، بەڵام لە دوای ٥ ساڵی لەدایكیان جیا دەكرێنەوە، لە رێگەی پۆلیسی نەوجەوانانەوە رەوانەی خانەی منداڵان دەكرێن.
ئەم هەنگاوانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناویەتی بۆ پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، بەڵام ئاستەنگ و گرفت زۆر بۆ حكوومەت دروست بووە كە گرینگترینیان گرفتیی ئابوورییە، سەرەڕای ئەوەیش حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هەماهەنگی و هاوكاری كردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان بۆ خستنە رووی راستییەكان و دەرخستنی ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناویەتی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و پابەندبوون بە پرەنسیپە كارپێكراوەكان و، لەم بارەوە لە ئاییندەیەكی نزیكدا وەڵامێكی تێروتەسەلی راپۆرتی ناوبراو دەدەینەوە.
23/4/2018
ئۆفیسی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە