پەیامی کورد... ئەمریکا پێشوازی لە بیست هەزار کۆچبەر دەکات
لە دوو ساڵی داهاتوودا ئەمریکا پێشوازی لە ٢٠ هەزار کۆچبەر دەکات، سەرۆکی ئەو وڵاتەش ڕایدەگەیەنێت، دژی کۆچبەری نایاسایی سنوورەکانیان توندتر دەکەن.
لەبارەیەوە و لە پەراوێزی کۆتایی هاتنی لووتکەی هەر دوو ئەمریکا، لە لۆس ئەنجلس، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ پێشوازی لە ٢٠ هەزار کۆچبەری ئەمریکای لاتین دەکات و ٣١٤ ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی کۆچبەران، بە تایبەت کۆچبەرانی ڤەنزوێلا تەرخان دەکات.
لای خۆیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆچبەری یاسایی سوودی بۆ ئابوورییان هەیە، بەڵام دژی کۆچبەری نایاسایی دەوەستنەوە و ڕێبازی وەرگرتنی کۆچبەرانیش دەگۆڕن.
جۆ بایدن دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی هەر دوو ئەمریکا، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "بەم بەیاننامە هاوبەشە ڕێبازی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی کۆچ لە ئەمریکا دەگۆڕین، هەموومان واژۆ لەسەر پابەندبوونەکانمان دەکەین و دان بەو ئاڵنگارییانە دادەنێین کە هاوبەشین تێیدا، دان بە بەرپرسیارێتی و کاریگەرییەکان لەسەر هەموو نەتەوەکان دەنێین".
ناوبراو وتیشی: "لە چەند ساڵی ڕابردوو قەیرانی ئابووری جیهانی بەهۆی کۆرۆنا سەری هەڵداوە و ئێستا بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا خراپتر بووە، گێژاوی خۆسەپێنی لە چەند ناوچەیەک بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆچکردن، ئێمە دەزانین کۆچی سەلامەت و یاسایی بۆ ئابوورییمان باشە، بەڵام پێویستە ئەو مەترسی و ڕێگایانە ڕابگرین کە نایاسایین، کۆچی نایاسایی قبووڵکراو نییە و سنوورەکانمان توندتر دەکەین، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان، دەمانەوێت هەموومان پرۆژەی کۆچکردن لە چوارچێوەی یاسا ڕێکخەین".
جێی باسە ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەمریکا بەڵێنی دابوو پێشوازی لە ١٠٠ هەزار پەنابەری ئۆکراینی بکات، کە بەهۆی شەڕی ڕووسیا ڕوو دەکەنە ئەو وڵاتە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە