کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم: هەرگیز ڕێگە نادەین کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە

کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم: هەرگیز ڕێگە نادەین کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە

پەیامی کورد... کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم: هەرگیز ڕێگە نادەین کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە

لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری دەیان میوانی ناوخۆیی و بیانی، بەرپرسانی حکومی و حیزبی و کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان یادی ٣٤ ساڵەی کیمیابارانکردنی شارەکە کرایەوە.

لە مەراسیمەکەدا کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەشداربوو و لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ڕایگەیاند "ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە".

کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆبەرت پاڵەدینۆ ڕایگەیاند "بۆ بیرهینانەوەی قوربانییانی ڕژێمی سەددام حوسێن لێرەین، قوربانییانی هێرشێکی کیمیایی ترسناک لە ئازاری ١٩٨٨ کە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوان کوژران و هەزاران برینداربوون، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی بوونە قوربانی، بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە هەموو ئەو خێزانانە بکەین کە خۆشەویتانیان لەدەستداوە، بۆ دووبارە پەیوەندیکردن پێناوە و بیرهێنانەوەی ئەو تراژیدیایەی ٣٤ ساڵ پێش ئێستا ڕوویدا، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین هەرگیز ڕێگە نادەین کارەساتی ئاوا دووبارە بێتەوە".

ڕۆبەرت پاڵەدینۆ ڕاشیگەیاند "زۆر گرنگە لەبیرمان بێت لە ڕابردوو چی ڕوویداوە بۆئەوەی بەردەوام بین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ یارمەتیدانیان لە دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانیی بەهێز، سەقامگیر و دیموکرات، هەروەها عێراقێک کە ڕێز و شکۆی هەموو کەسێک بپارێزێت".

کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆبەرت پاڵەدینۆ گوتیشی: "شانازییە کە ئەمڕۆ لێرە بیت و لە نزیکەوە بەشدار بیت لە هەڵگرتنی بەشێک لە خەمەکانی خەڵکی ئەم شارە".

٣٤ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، شاری هەڵەبجە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکومەتی ئەو کاتەی عێراق کیمیاباران کرا و بە هۆییەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنیی شارەکە شەهیدبوون و هەزارانی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان تاوەکوو ئێستاش بەدەست برینەکانیانەوە دەناڵێنن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە