پەیامی کورد ... ڕوونکردنەوەیەک لە ووتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس ەوە .
لە روونكردنەوەیەكدا، جووتیار عادل، ووتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند،"حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت نیە"
جووتیار عادل رایگەیاند،"حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نیە بەپێی ڕێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەربكرێت بەرانبەر ئەوە حكوومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات"
ووتیشی،"هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات و ناشتوانێت خەرجیە سەرەكییەكانی خۆی دابین بكات لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران"
دەقی روونكردنەوەكە:
روونکردنەوەیەک لە ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە رێككەوتنی ئۆپیک پڵەس
حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بووە لەژێر رۆشنایی بڕیارەكانی ئۆپێك پڵەس (+OPEC ) بەشێوەیەكی دادپەروەرانە وبەو بڕەی لەكێڵگەكان بەرهەم هێندراوە.
وەك ئاشكراشە بەرهەمی نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان ڕێژەكەی لە ١٠% تێپەڕ ناكات لەكۆی بەرهەمی گشتی عیراق.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نیە بەپێی ڕێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەربكرێت بەرانبەر ئەوە حكوومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات و ناشتوانێت خەرجیە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران . هەروەها بوودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لەقەرەبوی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە لە ٤٥٠ ملیار بۆ ٣٢٠ ملیار دینار مانگانە كەم كرایەوە ، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەریەكانی پەتای كۆڕۆنا (كوفید- 19) ونەناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج وشەش وحەوتی ٢٠٢٠.
ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە دەكات حكوومەتی فیدراڵ ڕەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی ٢٠١٤ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت.
ئەوەی شیاوی باسە، لەم بارەیەوە لەرۆژی 18/4/2020 رێككەوتنێك لەنێوان حكوومەتی فیدراڵ وحكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، شاندی حكوومەتی فیدراڵەوە کە لە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ووزە – وەزیری نەوتەوە سەرۆكایەتی كرا وشاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەلایەن وەزیری دارایی وئابووریەوە سەرۆكایەتی كرا، ئەم رێككەوتنە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەێندرا وهەردوولاش دووپاتیان کردەوە كە پێویستە رەچاوی دادپەروەری بكرێت لەدەستنیشانكردنی رێژەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان ولەسەر بنەمای رێژەی كۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عیراقەوە بێت ونەبێتە هۆكارێك بۆ زیانی زیاتری ماددی بۆ هەرێمی كوردستان.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٢ ئوکتۆبەر ٢٠٢٠
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە