کچێکی کورد لەتاران بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ لەچکی خۆی ٧٤ قامچی لێدرا

کچێکی کورد لەتاران بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ لەچکی خۆی ٧٤ قامچی لێدرا

پەیامی کورد... کچێکی کورد لەتاران بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ لەچکی خۆی ٧٤ قامچی لێدرا



سزای نامرۆڤانەی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران لە خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێکرا. فەرمانبەرەکان بەهۆی لابردنی لەچکە، پێش لێدانی قامچیش بە توندوتیژییەوە لەگەڵ ڕۆیا حیشمەتی هەڵسوکەوتیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی ڕۆیا حیشمەتی دوای بانگکران بۆ لقی یەکی خانەی دادی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێکرا. ناوبراو بەهاری ئەمساڵ لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی بێ حیجابی زۆرەملێ لە جووتسایدی کشاوەرزی تاران، سزای ساڵێک بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٧٤ زەربەی قامچی و سێ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لەوڵاتی بەسەردا سەپێندرابوو.

ڕۆیا حیشمەتی لەوبارەوە نووسیویەتی کە: فەرمانبەری لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەهۆی دەرهێنانی لەچکە، هەڕەشەی لە ناوبراو کردووە کە توندتر قامچی لێبدات و دۆسیەیەکی نوێی بۆ بکاتەوە. ناوبراو لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا شوێنی جێبەجێکرانی سزاکەی بە "دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوین" شێوەکردووە.

ئەو هاووڵاتییە کە دژی حیجابی زۆرەملێیە بە ئاماژەدان بەوەیکە فەرمانبەرانی ژن بە زۆر لەچکەیان لەسەر کردووە، نووسیویەتی کە قامچییەکان لە شان، پشت، سمت، ڕان و لاقی دراون.

ڕۆیا حیشمەتی گێڕانەوەکەی خۆی بەو شێوە درێژە داوە کە: " قامچییەکانم نەدەبژارد، لەژێر لێو دەمخوێند، بەناوی ژن بەناوی ئازادی، جلی کۆیلەیەتی دڕا، شەوی تاری ئێمە بەسەر دێت، هەموو قامچییەکان دەبن بە تەور."

بابەتی "ئازادی لە هەڵبژاردنی شێوەی جل لەبەرکردن" لە ڕاگەیاندراوەی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنی لەناوبردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک دژ بە ژنان، پێداگری لەسەر کراوە.

کەڵکوەرگرتن لە سزای قامچی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ سزای قامچی سزایەکی نامرۆڤانە، زاڵمانە و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە و ماددەی ٧ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی سیاسیش جێبەکردنی ئەو سزایەی قەدەغە کردووە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە