حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ڕێکەوتنی لەگەڵ بەغدا نەکراوە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ڕێکەوتنی لەگەڵ بەغدا نەکراوە

پەیامی کورد ... حکوومەتی هەرێمی کوردستان: ڕێکەوتنی لەگەڵ بەغدا نەکراوە

 

ئەمڕۆ شەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانكاری حکوومەتی هەرێم لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی كۆبووەوە.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم تاووتوێ كرا. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ستایشی هەوڵ و كۆششەكانی شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستانی كرد بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. 

 

لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك سازش لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەكانی هەرێم ناكات و چاوەڕێی گەیشتنی بەشە بودجەی هەرێمە بۆ مانگی ئۆكتۆبەر لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، كە تا ئێستا نەنێردراوە. ئەمە جیا لە مانگەكانی پێنج و شەش و حەفتی ئەمساڵ كە ماف و شایستەیەكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە و حكومەتی فیدراڵی تا ئێستا نەیناردووە.

 

سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021، لەیەكگەیشتنی باش لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی هاتووەتەئاراوە، بەڵام گفتوگۆكان بەردەوامن بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێككەوتنی كۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی كە لەسەری ڕێككەوتووین.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە