پارێزەرانی بۆکان پشتیوانی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکەن

پارێزەرانی بۆکان پشتیوانی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکەن


پەیامی کورد... پارێزەرانی بۆکان پشتیوانی لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکەن


لانی کەم ٥٤ کەس لە پارێزەرانی بۆکان بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک سەبارەت بە مەرگی ژینا ئەمینی و هەڵسوکەوتی نایاسایی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی نایاسایی لە لایەن کەس یان دامەزراوە و ئۆرگانەکانەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ بنەماڵەی ئەمینی دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە ئامادەن ببنە پارێزەر و پشتیوانی یاسایی دۆسیەکە.


دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە کە واژۆی ٥٤ پارێزەری خەڵکی بۆکانی لەسەرە بە شێوەی خوارەوەیە؛


بە ناوی خودا

لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێران و داڕمانی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان، مەرگی گوماناوی ژینا ئەمینی نە تەنیا هەستی هەموو کۆمەڵگای بریندار کردووە، بەڵکوو شەپۆلێک لە نیگەرانی سەبارەت بە هەڵسوکەوتە نایاسایییەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لێ کەوتووتەوە و لە ئەنجامیشدا بووەتە هۆی نەمانی هەستکردن بە ئاسایش لە لایەن کۆمەڵگا و بە تایبەتیش لە لایەن ژنانەوە.


"ئاسایش" وەک توخمێکی سەرەکیی ئاسایشی گشتی بە بەردەوامی لە یاساکانی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا جەختی لێ کراوەتەوە و ئەمە خۆی نیسانەی ڕادەی گرنگیی ئەو بابەتە وەک یەکێک لە سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤە. بەڵام توندوتیژیی کوێرانە بە پاساوی نایاسایی لە ئاستی و شوێنی جیاوازدا بە بێ دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی، بووەتە هۆی پێکهاتنی ترس و تۆقین لە نێو ئافرەتان و هەموو کۆمەڵگادا.

بەم پێیە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە پارێزەرانی شاری بۆکان، لەگەڵ ئەوەی هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆمان بە بنەماڵەی ئەو کۆچکردووە ڕادەگەیەنین، هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی نایاسایی لە لایەن هەر دامەزراوەیەک و بە هەر ناوێکەوە ئیدانە دەکەین و جەختیش دەکەینەوە کە دەبێت هەموو ڕاسپێراوان و بەرپرسانی حکومەت، بنەما یاسایی و مافی مرۆڤییەکان بپارێزن و ئامادەیی خۆشمان بۆ قبووڵ کردنی پارێزەری و هەر جۆرە پشتیوانییەکی یاسایی لە بنەماڵەی کۆچکردوو تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی، ڕادەگەیەنین.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە