پەیامی کورد ... شکستی مێژوویی ڕەوتی حیکمە
دوێنێ هەینى بەشێک لە لایەنگرانی مۆقتەدا سەدر سەرۆکى ڕەوتى سەدر کە زۆرینەى کورسییەکانى پەرلەمانى عێراقى بەدەست هێناوە، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتى عەمار حەکیمى سەر بە کۆمارى ئیسلامى لە شاری بەغدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی خەللانی لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمە ووتارێکی لەبارەی هاتنی ساڵی نوێی کۆچی و عاشووراوە پێشکەش کرد.
هۆکارى تووڕەبوونى موقتەداییەکان، ئەو پێداگرییەى عەممار حەکیم بووە لەسەر کاندیدبوونی "موحەمەد شیاع سوودانی" کە بە تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی دەناسرێت و سەدرییەکان ئەمەیان بە پەیامێک زانی بۆ ئەوان چوونکە سەدر پێشتر ئەم موحەمەدەى ڕەت کردووەتەوە.
هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگى، کە لە نوورى مالکى و عەممار حەکیم و ، حەیدەر عەبادی و هادی عامری و موحەممەد شیاع سوودانی و چەند حزبی بچووکى ترى سەر بە کۆمارى ئیسلامى پێک دێت کە هەموویان شێعەن و لەسەر بنەماى تێفکرینى سوپاى قودس بەڕێوە دەچن ! ئەم هاوپەیمانییە لە ڕێگەى پیلانەکانى کۆمارى ئیسلامییەوە ڕێگەى نەدا هاوپەیمانى ڕزگارى نیشتمانى کە لە کورد و سووننە و شێعە پێک دێت، سەرۆکوەزیران هەڵبژێرن و ئێستا هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگى لە ڕێگەى قائانییەوە دەیهەوێت محەمەد شیاع سودانى بکەنە سەرۆکوەزیرى عێراق، بەڵام سەدرییەکان لە نوێژى هەینى پێشوو خۆپێشاندانى ملیۆنییان ڕێک خست و لەم چەند شەوەى ڕابردووش هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمان تا نیشان بدەن کە بە بێى هاوپەیمانى ڕزگارى نیشتمانى و موقتەدا سەدر هیچ سەرۆکوەزیرێک و یا کایەیەکى سیاسى نە هەڵدەبژێردرێت و نە جێبەجێ دەکرێت!
بڕیاریش وایە ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی سەدر خۆپێشاندانێکى گەورە لە بەغدا بەڕێوە بەرن و هەر ئەمەش واى کردووە کە هێزێکی زۆری ئەمنی لە شارەکە بڵاوەی پێ بکرێت و جگە لە دوو دەروازە نەبێت، سەرجەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراون و پردی کۆماری بە بەربەستی کۆنکرێتی گیراوە.
هەرچەندە عەممار حەکیم سەرکردەی رەوتی حیکمە لە وتارەکەى خۆى ئەمڕۆ هەینى بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەرەم ووتى: "کاندیدکردنی موحەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڕیارێکی عێراقییە و بە بێ دەستتێوەردانی دەرەکی دراوە و سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی سەرکردەی سوپاى قودس بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە نەبووە"، بەڵام سەدرییەکان ئەمە بەڕاست نازانن و لەوە تێدەگەن کە قائانى فەرماندەى سوپا تیرۆریستەکەى قودس ئەم فەرمانەى داوە بە چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ دانانى کەسێکى نزیک لە کۆمارى ئیسلامى وەک سەرۆکوەزیرانى عێراق!
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە