سەرۆک بارزانی بە چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکات

سەرۆک بارزانی بە چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەکات

پەیامی کورد   ...    جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك _ گەرمیانی پارتی رایگەیاند، سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیران و مەكتەبی سیاسی ش، لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك لەسەر هێڵن و ئێستاش كار بۆ داڕشتنی بەرنامەیەك دەكرێت.

دیاری حسێن، ڕایگەیاند : "پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت داوای لە حكوومەت كردووە، كە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سڕ بكات بۆ ئەوەی پارەی كەركووك بە ئارەزووی خۆی بۆ تەعریبكردن خەرج بكات و بۆ مەرامی خۆی بەكاری بێنێت، بەڵام ئەستەمە سەركەوتوو بێت، چونكە رێگە نادرێت ئەو كارە بكرێت".

حسێن گوتیشی: "ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانێت كۆببێتەوە تاوەكو دۆخی شارەكە ئاسایی نەبێتەوە و دەستەڵاتی سەربازیش لەو شارە نەمێنێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە، بۆیە ھەوڵ دەدرێت دۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە و گفتوگۆی بەردەوام ھەیە".

ناوبراو هەروەها باسی لەوەش كرد: "سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەیان كردووە بۆ ئەوەی كێشەی ئەو ناوچانە و تەعریبكردن چارەسەر بكرێت، بۆیە ھەوڵەكان بەردەوامن و ئەو كێشانە چارەسەر دەبن، چوونكە دانیشتنی بەردەوام ھەیە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن".

دەشڵێ، لە ئێستادا گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەن، كە بەرنامەیەك داڕێژن بۆ ئەوەی ھەموو لایەك لەسەری بگەنە رێككەوتن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە