پارتی: دژی دواخستنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازین

پارتی: دژی دواخستنی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازین

پاش دوو كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فڕاكسیۆنەكان و لیژنەی یاسایی و دارایی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە بۆ گەییشتن بە رێككەوتن بۆ پەسەندكردنی، كەچی نەگەییشتن بە رێككەوتن و، هەندێك لایەنیش باس لەوە دەكەن كە پەسەندكردنی بخرێتە دوای هەڵبژاردنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێكی فڕاكسیۆنی پارتی دەڵێ: "ئێمە دژی ئەوەین".

 

د. فەرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "وەكوو فڕاكسیۆنی پارتی، دوێنێ چوارشەممە كۆبوونەوەیەكمان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازییەوە كرد و پێداگر و جیددین كە دەبێت لە ماوەی حەفتەی دابێ و دوای كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە كە بڕیارە پەرلەمان لەگەڵ حكوومەت كۆ ببێتەوە،‌ كاتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیش دیاری بكرێت و یاساكەیش تێپەڕێندرێت".

فەرسەت راشیگەیاند : "بە هیچ شێوەیەك ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نابین یاساكە بۆ پاش هەڵبژاردن دوا بخرێت و، ئەگەریش هەر هێزێك سوور بێ لەسەر دواخستنی، ئەوا هەڵوێستی زۆر جیددیمان دەبێ و قبووڵی ناكەین، زۆریش بە ڕاشكاوانە لەگەڵ خەڵكی خۆمان قسە دەكەین و دەمانەوێت بە هەر نرخێك بێت لە ماوەی حەفتەی داهاتوودا بێتە پەسەندكردن".

ئەو پەرلەمانتارەی فڕاكسیۆنی پارتی، رونیشی كردەوە، لەگەڵ ئەوەدان ئەو پرسەی پەیوەندی بە پلە باڵاكانەوە هەیە، یاسای خانەنشینی یەكخەری عێراقی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و چی دیكە ئەو یاسایە دوا نەخرێت.

پڕۆژەیاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە، لە سەرەتای ئەمساڵ و رۆژی 3-1- 2018  لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا و، لە پەرلەمانیش ڕۆژی 28ی مانگی ڕابردوو، هاتە پەسەندكردن، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتییەوە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەسەر داواكاریی فڕاكسیۆنەكان، لە 4ـی مانگی ئاداری ڕابردوودا یاساكەی‌ گەڕاندەوە هۆڵی پەرلەمان و ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی و دارایی كرایەوە بۆ هەمواركردنەوەی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە