پەیامی کورد... سەبارەت بە پێدانی کارتی ڤاکسین بڕیاری نوێ دەردەچێت
بەڕێوەبەری ئایتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارێکی نوێ لەبارەی دروستکردنی کارتی ڤاکسین دەرچووە، ئەویش پێشتر کارتی ڤاکسین تەنیا لەڕێگەی پاسپۆرت دەردەهێنرایت، بەڵام ئێستا لە ڕێگەی ناسنامە و کارتی نیشتمانیش کارتی ڤاکسین دەردەهێنرێت، ئەوەی کارتی ڤاکسینیشی پێ نەبێت ناتوانێت سەردانی هیچ وەزارەتێک بکات.
ئەمڕۆ شەممە 19 ی شوباتی 2022 حەربی کەتۆ، بەڕێوەبەری ئایتی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پێشتر وەکوو وەزارەتی تەندروستی کارتی ڤاکسین تەنها لەسەر پاسپۆرت دەر دەهێنرا، بەڵام ئێستا بڕیارێکی نوێمان داوە کە کارتی ڤاکسین لەسەر ناسنامە و کارتی نیشتمانی دروست دەکرێت و هەر هاووڵاتییەک بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دوو بەڵگەنامەیەش کارتی ڤاکسین دەربهێنێت، بەڵام ئەوەی پاسپۆرت بۆ دەرەوەی وڵاتە و ئەوەی ناسنامە و کارتی نیشتمانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکار دێت، بە مەرجێک دوو ژەمی ڤاکسینی وەرگرتبێت".
باسی لەوەش کردووە، "هەرسێکی یەک جۆرە کارتە و تەنیا ئایدیەکەی دەگۆڕین کە چ جۆرە بەڵگەیەکە، پاسپۆرتە یاخود ناسنامە یان کارتی نیشتمانییە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئێستادا خەڵکێکی زۆر ڕوو لە بنکەکانی ڤاکسین دەکات و ڕۆژانە نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەردەگرێت، هاوکات ئەوانەی ژەمی یەکەمیان وەرگرتووە ملیۆن و٢٠٠ هەزار کەس دەبێت و، ژەمی دووەمیش ٩٠٠ هەزار کەس و، ژەمی سێ یەمیش ١٥ هەزار کەس دەبێت".
ناوبراو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێستا سەردانیکردنی وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان بووەتە مەرج و پێویستە بۆ هەر شوێنێکیان بڕوات کارتی ڤاکسینی پێ بێت، ئەگەرنا ڕێگەی پێ نادرێت سەردان بکات."
باسی لەوەشکردووە، "تا ئێستا نزیکەی ٣٦٠ هەزار کارتی ڤاکسین بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروست کراوە و بەردەوامیش کارتی ڤاکسین بۆ هاووڵاتییان دروست دەکەن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە