سیدەکان، 120 خێزان گەڕانەوە سەر ماڵی خۆیان

سیدەکان، 120 خێزان گەڕانەوە سەر ماڵی خۆیان

 ماوەكانی ڕابردوو، تۆپخانەكانی توركیا، بە چڕی تۆپبارانی شەش گوندی سنووری سیدەكانی سەر بە شارۆچكەی سۆرانیان كرد، كە بە هۆی تۆپبارانەوە، زیاتر لە 120 خێزان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتبوو، بەڵام ئێستا چونكە تۆپباران وەستاوە، گەڕاونەتەوە و بارودۆخەكە ئاسایی بووەتەوە.

 

سوپای توركیا، هێزی زیاتری ڕەوانەی سنووری سیدەكان كردووە و، لەسەر چیای دێل و چیای كەوەت و سێكانیانی سەر بە ناحیەی سیدەكان جێگیر بوون، ئەمە لە كاتێكدایە، ئەو شوێنانەی هێزی توركیای لێی جێگیر كراوە، پێشتر پەكەكەی لێ بووە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان،  رایگەیاند "دوای ئەوەی تۆپخانەكانی سوپای توركیا بە چڕی گوندەكانی خەلیفان، لێلكان، كارەكان، سیران، شاپان و گۆڕەشان تۆپباران كرد و بە هۆیەوە هاووڵاتیان لە هەردوو گوندی خەلیفان و لێلكان ئاوارە بوون، كە زیاتر لە 120 ماڵ دەبوون، ئێستا هەموویان بە هۆی وەستانی تۆپبارانەوە گەڕاونەتەوە و، خەڵكی ناوچەكە وەك پێشتر كار و كاسبی دەكەن و هیچ كێشەیەك نییە".

چەلەبی روونیشی كردەوە: "سوپای توركیا نزیكەی 20 كیلۆمەتر هاتووەتە قوڵایی خاكی هەرێمی كوردستان، ئەو لووتكە چیایانەی ئێستا لەلایەن سەربازانی سوپای توركیاوە كۆنتڕۆڵ كراون، بەسەر رووبەرێكی زۆری سنووری شارۆچكەی سیدەكاندا دەڕوانن، ئەگەر بەردەوام بێت لە بۆردوومانكردنی گوند و ئاواییەكانی سیدەكان، خەڵك ناچار دەبێت گوند و ئاواییەكان چۆڵ بكات و روو لە شوێنی ئارام بكات، بەڵام تا ئێستا ڕەوشەكە ئارامە و هیچ گرفتێك لە ئارادا نییە".

سیدەكان، كەوتووەتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان كوردستان، توركیا و ئێران و، بە دووریی 144 كم لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، خاوەنی 250 گوندە و زیاتر لە 115 گوندی بە هۆی بوونی پەكەكە و بۆردوومان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ، ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی ڕابردوویشدا بە هۆی پەكەكە و توركیاوە، زیاتر لە 50 كەس لە ناوچەكە بوونەتە قوربانی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە