سەرۆک بارزانی لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدكردنی شنگالدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

سەرۆک بارزانی لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدكردنی شنگالدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

پەیامی کورد... سەرۆک بارزانی لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدكردنی شنگالدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2023 لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال و جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدیدا، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت: لەو یادەدا گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تر هەیە كە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە بنێن و هەروەها بە فەرمی كیمیابارانكردن و پڕۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی تریش بە جینۆساید بناسن كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون.

ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆك بارزانییە لە نۆیەمین ساڵوەگەڕی جینۆسایدكردنی شنگالدا

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە. ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت. بەڵام جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكوومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال بکەن؟

لەو یادەدا گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تر هەیە كە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە بنێن و هەروەها بە فەرمی كیمیابارانكردن و پڕۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی تریش بە جینۆساید بناسن كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون.

لە نۆیەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرز دەنرخێنین كە مێژوو و قارەمانێتیان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە.

مسعود بارزانی

3ـی ئابی 2023

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە