پەیامی کورد ... ڕێگای سەرەکی هەولێر - گوێڕ گۆڕانکاری بەسەردا دێت
پڕۆژەی بەدوو سایدكردنی رێگای سەرەكی ھەولێر- گوێڕ كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە، بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕیش دەڵێ، پڕۆژەكە بۆ ھەولێر و گوێڕ گرینگە، لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی فراوانی كشتوكاڵی و پیشەسازیی لەسەرە.
مەسعوود نووری، بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ، رایگەیاند: "رێگای سەرەكیی نێوان ھەولێر- گوێڕ، رێگایەكی سەرەكییە، بەڵام یەكسایدە و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەرە، چوونكە گوێڕ ناوچەیەكی گرینگە لە ڕووی پیشەسازی و كشتوكاڵەوە، ئەمەش وای كردووە زۆرترین ھاتووچۆی لەسەر بێت، ئێمە ھەوڵمان دا بكرێتە دووساید و پڕۆژەی دروستكردنی سایدی دووەمیش كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".
بەڕێوبەری ناحیەی گوێڕ دەشڵێت: "پڕۆژەی بەدووسایدكردنی رێگای سەرەكی ھەولێر- گوێڕ، درێژییەكەی ٣٥ كیلۆمەترە و بە گوژمەی ٢٠ ملیار دیناری عێراقی جێبەجێ دەكرێت".
نووری، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ماوەی پڕۆژەكە یەك ساڵ و حەوت مانگە و دوای تەواوبوونی كاریگەری لەسەر بزاوتی بازرگانی و ھاتوچۆ دەبێت لە نێوان گوێڕ و ھەولێر، چوونكە جگە لەوەی دەیان گوند دەكەونە سەر رێگاكە، بە ھۆی گرینگیی دەڤەرەكە، ژمارەیەكی زۆر بارھەڵگر رۆژانە ھاتوچۆ دەكەن و زۆر جاریش بووەتە ھۆی دروستبوونی رووداوی ھاتووچۆ".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە