پەیامی کورد... سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئاداری 2022 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە لە ڤیللە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و ئان مێسکانەن سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر و ژمارەیەک ڕاوێژکار پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و شەڕی تیرۆر و کێشەی کۆچبەران تاوتوێ کرا.
شاندی یەکێتی ئەورووپا، کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستە ڕوو، بەتایبەتی لە بواری هاوکاریکردنی چاکسازییەکانی حکومەت لە ڕووی بەهێزکردن و باشترکردنی سیستەمی بانکی و کاروباری هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تاوانی ڕێکخراو و سپیکردنەوەی پارە و کۆچی نایاسایی. لەم ڕووەوە، شاندەکە بە پێزانینەوە ئاماژەیان بە هاریکاریی و هەماهەنگیی بەردەوام و بەهێزی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە گەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق.
سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاس کردنی هاوکاریی وپشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا بۆ برەودان بە شەفافیەت و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها، ئاماژەی بە نادەستووریبوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە