سەرۆكی حزبی چاكسازی و گەشە ... پێویستە توركیا و پەكەكە سوود لە پەیامی سەرۆك بارزانی وەربگرن

سەرۆكی حزبی چاكسازی و گەشە  ...    پێویستە توركیا و پەكەكە سوود لە پەیامی سەرۆك بارزانی وەربگرن

پەیامی کورد    ...    سەرۆكی حزبی چاكسازی و گەشە ده‌ڵێ، پێویستە توركیا و پەكەكە سوود لە پەیامی دووەم ڕۆژی جەژنی قوربانی سەرۆك بارزانی وەربگرن و پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكەنەوە ده‌شڵێ، ئەگەر پەكەكە هەر شەڕی پارتیزانی لەگەڵ توركیا دەكەن، ئەوە با بڕۆنە دەرەوەی خاكی باشووری كوردستان، بە تایبەت لە گوند و ئاوایییەكان دوور بكەونەوە.

محەمەد بازیانی، سەرۆكی حزبی چاكسازی و گەشە، ڕایگەیاند: "سەرۆك بارزانی هەمیشە ڕۆڵێكی گەورەی هەیە و‌ لە ناوچەكەدا وەك ڕەمزێكی كورد ناسراوە، بۆیە پێویستە توركیا و پەكەكە سوود لە پەیامی دووەم ڕۆژی جەژنی قوربانی سەرۆك بارزانی وەربگرن، پڕۆسەی ئاشتی دەست پێ بكەنەوە، چونكە شەڕ لە زیانی تورك و پەكەكەشدایە كه‌ بە ‌ئاشتییانە كێشەكانیان چارەسەر بكەن".

بازیانی دەشڵێ: "پێویستە پەكەكە بەرژەوەندی كورد لە بەرچاو بگرن، چوونكه‌ ئەزموونی هەرێمی كوردستان جێگەی ئومێدی كوردە، حوكمڕانییەكی سەربەخۆمان هەیە، نابێ هیچ بیانوویەك بدرێت بە دەستی دەوڵەتانەوە كە دەستدرێژی بكەنە سەرمان و بە بیانووی ئەوەی شەڕی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەكەن، گوندەكانی ئێمە وێران بكەن و ئابوورییان سفر بكەنەوە و‌ هاووڵاتیانی سڤیل بریندار و شەهید بكەن."

سەرۆكی حزبی چاكسازی و گەشە زیاتر گوتی: "بە‌هۆكاری بوونی پەكەكە لە گوندەكانی سەر سنوور، سەدان گوند جگە ‌لەوەی بە ‌بۆردوومان وێران دەكرێن، ڕێگە نەدراوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی ئاوەدانییان پێ بگەیەنێت، بۆیە دەبێ شەرعییەتی حكوومەتی هەرێم بگاتە ئەو ناوچانە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات".

بازیانی دەشڵێت: "ئەگەر پەكەكە هەر شەڕی پارتیزانی لەگەڵ توركیا دەكەن، ئەوە با بڕۆنە دەرەوەی خاكی باشووری كوردستان، بە تایبەت لە گوند و ئاوایییەكان دوور بكەونەوە".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "دەرفەتی ئاشتی و گفتوگۆ هەیە بۆ دەوڵەتی توركیا و پەكەكە پێویستە بڕۆنە سەر مێزی گفتوگۆ، بە تایبەت عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە ڕێبەری پەكەكەیە و داوای ئاشتی و گفتوگۆی كردووە، ئەگەر پەكەكە بە ڕێبەری خۆیانی دەزانن، با بە ‌دەم داواكەیەوە بڕۆن و ئاگربەست ڕابگەیەنن، بە شەڕ هیچ چارەسەر نابێت و زەرەری لێ دەكەن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە