پەیامی کورد... سەرۆكایەتی توركیا: لەخولی دوەمی هەڵبژاردنەكاندا ئەردۆگان دەبێتەوە بەسەرۆك
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، چاوەڕوانی دەرئەنجامی خولی دوەمی هەڵبژاردنەكان دەكەن كە لە 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت، "پێشبینیدەكەین ئەرجەب تەیب ئەردۆگان سەربكەوێت و ببێتەوە بەسەرۆك".
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ڕایگەیاند، "چاوەڕوانی خولی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكەن كە بڕیارە 28ی ئایار ئەنجامبدرێت و لە بەرژەوەندی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا یەكلابكرێتەوە".
وتیشی، "جیاوازی دەنگەكانی نێوان ئەردۆگان و ڕكابەرەكەی كەمال كلیچدارئۆغڵو زۆر گەورەیە، هەروەها ئەستەمە ئۆپۆزسیۆن ئەو جیاوازییە تێپەڕێنێت كە جیاوازیەكەیان زیاتر لە دو ملیۆن و 500 هەزار دەنگە، ئێمەش دەنگەكانمان دەپارێزین و پێمانوایە سەرۆكەكەمان رەجەب تەیب ئەردۆگان لە خولی دوەمدا دەنگی نوێ بۆ پێگەكەی زیاد بكات و ببێتەوە بەسەرۆك".
ئەوەشیخستەڕو، گەلی توركیا بە ڕێژەی 49.5% دەنگی بە بەرژەوەندی ئەردۆگاندا، ئەمەش لە خواستی پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەكەیان بو، "لەو باوەڕەشداین پشتیوانی جەماوەری بۆ ئەردۆگان لە چوارچێوەی دیدگای سەدەی توركیادا بەردەوام رو لەزیادبون بێت".
سەدەی توركیا دیدگایەكە كە لە (تشرینی یەكەم/10)ی ساڵی ڕابردودا رەجەب تەیب ئەردۆگان رایگەیاند، كە بەرنامە و ئامانجەكانی كۆماری لە ساڵیادی نوێدا لەخۆدەگرێت.
یەكشەممەی ڕابردوش توركیا شاهیدی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی بو، كە تیایدا سەرۆك ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریخواز و كیلیچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی ئومەت و سینان ئۆغان كاندیدی عەتا (باپیران) هاوپەیمانی، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا بەشدارییان كرد.
لە رۆژی 14ی (ئایار/5)ی 2023 هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچو کە تیایدا 24 پارت و پێنج هاوپەیمانی تیایدا بەشداربون، رەجەب تەیب ئەردۆگان کاندیدی هاوپەیمانی جمهور و کەمال کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی میلەت رکابەری یەکتربون و بەهۆی ئەوەی هیچکامیان نەیتوانی رێژەی زیاتر لە 50٪ی دەنگەکان مسۆگەربکات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چوە خولی دوەمەوە کە بڕیارە لە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە