پەیامی کورد ... سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست پێکردنی بەدواداچوونی لەبارەی دوو دەنگۆ راگەیاند.
پاش ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٠، ووتەبێژی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە داواکاری گشتی کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە بکەن کە باس لە بوونی ملیارێک دۆلار لە بانکێکی لوبنان و وەرگرتنی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە کۆمپانیایەکی نەوت دەکەن. کەمێک لەمەوبەر، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە: "لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستانەوە لێژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بەدەستهێنانی بەڵگە و ڕاستیەکان پێکهێندراوە بۆ بەدواداچوون لە دەنگۆی ئەو (٢٥٠) ملیۆن دۆلارەی کە گوایە کۆمپانیای ڕۆزنەفت داویەتی بە لایەنێک، هەروەها ئەو ملیار دۆلارەی کە گوایە لە بانکێکی لوبنانە و چەند رۆژێکە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باس دەکرێ.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، داوای کردووە هەر لایەنێک بەڵگەی پێویستی لایە، پێشکەش بەم لێژنەیەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات کە بە مەبەستی پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی پێکهێندراوە و بەڵگەکانیش لە رێگەی ئیمێل و ژمارەی مۆبایلی پەیجەکەیانەوە بنێردرێت.
جەختیش کراوەتەوە کە هەر لایەنێک یان کەناڵێکی راگەیاندن یان کەسێک بەبێ بەڵگە ئەم بابەتە بوروژێنێت، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرنە بەر.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە