سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکات

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکات

پەیامی کورد... سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٢، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ دەبێتەوە، یەکێک لەو مژارانەی تاوتوێ دەکرێت کۆبوونەوەی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. لەگەڵ ئەوەی ناکۆکی توند لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام بەرپرسێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەم هەفتەیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی بەربژێری سەرۆکوەزیران ڕادەگەیێنێت.

ڕەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی گشتیی ڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند، «میکانیزمی ڕاستەقینە بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاریکراوە، دیاریکردنی ئەو کەسە لە ئان و سات دایە، پێم وایە ئەم هەفتەیە ئەم ڕووداوە گرنگە ڕوو دەدات و ناوی ئەو کەسە ڕادەگەیێندرێت.»

لە هێڵی یەکەمی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا، ناوی هەریەک لە: نووری مالیکی، هادی عامری و حەیدەر عەبادی دێت بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەرچەند چانسیان لاوازە، بەڵام چانسی بەربژێرانی هێڵی دووەم بەهێزترە کە ژمارەیەک ناو دەهێنرێن لەوانە: محەممەد شیاع سوودانی، تارق نەجم، عەلی شوکری، قاسم ئەعرەجی، محەممەد سالم غەبان، ئەسعەد عیدانی.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

پۆستی سەرۆککۆماریش بەرکەوتەی کوردە، بەڵام تاوەکوو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو پۆستە ڕێکنەکەوتوون. تاوەکوو سەرۆککۆماریش یەکلایی نەبێتەوە، ناتوانرێت هەنگاوی دووەم بۆ ڕاسپاردنی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێرێت.

ئەمانە لە کاتێکدان، ژمارەیەک تۆماری دەنگی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاوبوونەتەوە کە تێیدا هێرشی توند دەکاتە سەر موقتەدا سەدر، ئەمەش هێندەی دیکە دۆخی سیاسی عێراقی ئاڵۆز کردووە و لە قسەکانیدا مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی ئاشکرا دەکات.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە