پەیامی کورد ... سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا هەڵگری زۆر پەیامی گرینگە
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکان کۆ بیتەوە. لەو بارەیەوە بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ووتی، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگی زۆر ھەیە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کێشەکان زووتر چارەسەر بن.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ووتی: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەسەر ئەو ئاستە باڵایە گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و زۆریش پێویستە، چوونکە چوونی ئەو جۆرە شاندە گرینگە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی دەکرێت لە لیژنەی دارایی و پەرلەمان لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا تێپەڕێندرێت.''
د. ئەحمەد سەفار گوتیشی: "سەرۆکی ھەرێم دەتوانێ پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان درووست بکات و ڕێککەوتنێک بکات و لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کوتلەکان دیدار بکات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەربارەی کێشە داراییەکان، بۆیە چوونی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا گرینگی زۆری ھەیە."
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ بەغدا ھەردوو جێگرەکەشی، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، یاوەریی دەکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە