" شاندی پارتی " بەشداری کۆنفرانسی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئێنتەرنەشناڵی کرد

" شاندی پارتی " بەشداری کۆنفرانسی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئێنتەرنەشناڵی کرد

پەیامی کورد  ...  ڕێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرنەشناڵ لە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی كانوونی دووەم كۆنفرانسی ساڵانەی لە كۆماری دۆمینیك ساز كرد و پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی بانگهێشتی كۆنفرانسەكە كرابوو. هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە نوێنەرایەتی پارتی ئامادە بوو.

لە كۆنفرانسەكەدا گوتاری پارتی لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە خوێندرایەوە و سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە جۆرج پاپاندریۆ، سەرۆكی ڕێكخراوەكە و لویس ئەیالای سكرتێری گشتی سوشیاڵ ئینتەرناشناڵ و نوێنەرانی پارتە سیاسی و حكوومییەكانی ئامادەی نێو كونفرانسەکە و سوپاسی ڕێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵی كرد بۆ پشتگیریی بەردەوامیان بۆ گەلی كوردستان و هیواشی خواست ئەو پشتگیرییە لە داهاتوودا بەهێزتر بێت.

لە بەشێكی ووتارەكەیدا سیوەیلی ئاماژەی بە ڕۆڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە چەسپاندنی سەقامگیری  و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی فرە ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستاندا و بەرەنگاربوونەوەی ڕادیكالیزم و تێرۆریزم. لە درێژەی وتارەكەدا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆی ئاشتییانە و لەسەر بنەمای دەستوور و پرەنسیپەكانی هاوبەشی و سازان و بەشداریی ڕاستەقینە لە دەزگا گرینگە فیدراڵییەكاندا بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو. تەوەرێكی دیكەی وتارەكەی بریتی بوو لە ئاماژەدان بە دۆخی داهاتووی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ، پاش تێپەڕبوونی ٥ ساڵی پڕكێشە و قەیران كە بە هۆی شەڕی دژی داعش و بڕینی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی پێشووی فیدراڵ و كێشەكانی دیكە لەگەڵ بەغدا و هاتنی زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی سووریا و ناوچەكانی دیكەی عێراق كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ڕوڵی هێزی پێشمەرگەی بەرز نرخاند لە چەسپاندنی ئارامی و پاراستنی سەروماڵیان.

هۆشیار سیوەیلی ئاماژەی بە دەستپێكردنی گفتوگۆ لە گەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دا و بە گرنگییەوە باسی لە كەمبوونەوەی گرژی و كێشەكانی نیوان هەولێر و بەغداد کرد و، باسی لەوەش كرد ئەگەر حکوومەتەکانی هەرێم و فیدراڵ بگەنە ڕێكکەوتن، ئەوا هاوكارێكی باش دەبێت بو بووژانەوە و پەرەپێدانی ئابووریی كوردستان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە