سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

بەرواری بڵاوکردنەوە :
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

پەیامی کورد … سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

 

 سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و هێرشه‌كه‌ی به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ و شه‌رمه‌زار كرد و سه‌ره‌خۆشیی بۆ كه‌سوكاری قوربانیان ڕاگه‌یاند، داواش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا، مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن.

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/2/2021،‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی سه‌ر هه‌ولێر،  په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوو كە بە مووشەك كرایە سەر هەولێر و بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى كەسێك و برينداربوونى نۆ كه‌سى دى كە ژماره‌يه‌كيان ئەمه‌ریكین، بە توندی سەركۆنە و شەرمەزار دەكەین. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانييه‌كه‌ دەكەین و هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

 

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكا، مه‌ترسيى ئەو هێرشە زۆر بە جددی وەربگرن و كار بكەن بۆ ڕێگرتن لە نەهێشتنی هەڕەشە لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هاندانى حكوومەتی عێراقه‌وه‌ بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و بەتایبەتی مادەی 140.

 

نێچیرڤان بارزانی، له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "داوا لە بەڕێز سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەیي هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەكەم، بە خێرایی ميكانيزمى هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كارا بكه‌نه‌وه‌ و هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە لەگەڵ سوپا و دەزگا و هێزە عێراقييه‌كان بە بەشداريی هاوپەیمانان لەو ناوچەیە، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن و هه‌ماهه‌نگ بن".

 

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌بوونى هه‌ماهه‌نگى و هەبوونی هه‌ندێك هێز و گرووپى چه‌كدارى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتى حكوومه‌تى فيدراڵ، بوونه‌ته هۆى ئاڵۆزيى ناوچه‌كه و وای كردووە هەڕەشەیەكی بەردەوام بۆ سەر هەرێمی كوردستان هه‌بێت. بۆيه‌ داوا له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق ده‌كه‌م به‌په‌له‌ ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌شى لێكۆڵينه‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵ ده‌ستبه‌كار بێت و به‌ زووترين كات هێرشكاران بدۆزرێنه‌وه‌ و به‌ سزاى ياسايى بگه‌يه‌نرێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە