سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرام نازرى ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرام نازرى ده‌كات
پەیامی کورد     ...   سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد شه‌هرام نازرى ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/5/18  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ هونه‌رمه‌ندى ناودارى كورد  شه‌هرامى نازرى كرد كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌ ‏سه‌ردان له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌ و پێرێ دووشه‌ممه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێكى ڕێزلێناندا خه‌ڵاتى ئاڵتوونی ‏وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى پێ به‌خشرا.‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ دیدارى مامۆستا نازرى، ڕێز و ‏ستایش و پێزانینى بۆ مێژوو و خزمه‌ت و كار و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانى دووپات كرده‌وه‌ و پێگه‌ ‏و ناوبانگى مامۆستا نازرى له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و جیهان و ئه‌و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى به‌ ‏ده‌ستى هێناون، به‌ مایه‌ى شانازى بۆ هه‌موو كوردێك و خه‌ڵكى كوردستان به‌گشتى له‌ قه‌ڵه‌م ‏دا. هەروەها وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى هه‌موو پشتگیرییه‌ك بۆ مامۆستا نازرى، هیواى ته‌مه‌نى ‏درێژ و ته‌ندرووستی باش و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وامى بۆ خواست.‏

لاى خۆیه‌وه‌  شه‌هرامى نازرى وێڕاى سوپاس و پێزانین بۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ‏ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاتكردنه‌ى‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان لێى كراوه‌، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ڕێزلێنان و ‏خه‌ڵاتكردنى له‌ كوردستان، لاى ئه‌و له‌ هه‌موو ئه‌و ڕێزلێنان و خه‌ڵاته‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ زیاتر ‏مایه‌ى شادى و مانادارتر و به‌هادارتره‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان پێشكه‌شى كراون و ‏خۆشحاڵی خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ‏نیشان دا.‏

له‌ دیداره‌كه‌دا به‌ڕێزان وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و بریكارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان، ئاماده‌ بوون.‏

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە