سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسێکی دیکەیان کوشت

سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسێکی دیکەیان کوشت

پەیامی کورد... سەلەفییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەسێکی دیکەیان کوشت

هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی فارووق ڕەشیدی، لە لایەن ئەندامانی گرووپی بناژۆخوازی سەلەفی لەم شارەدا کوژرا. ئەمە دووەم هاووڵاتییە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دەکوژرێت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت هیچ هەوڵێکیان لەمباوەرەوە نەداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٢٥ی جولایی ٢٠٢٣) فارووق ڕەشیدی تەمەن ٣٥ ساڵ، لەلایەن چەند ئەندامی گرووپێکی سەلەفییەوە لە گەڕەکی حەماڵاوای سەرووی شاری سەقز بە پاساوی ئەوەی کە گوایە «بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان» کردووە کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فارووق ڕەشیدی کرێکاری بیناسازی بووە و خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن شەش مانگانە، بە چەقۆ کوژراوە و تەرمەکەی تا ئێستا لە نەخۆشخانەی شیفای سەقز ڕاگیراوە.

هەر لەم پەیوەندیەدا ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی پێشوو ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، کەریم قەوامی خەڵکی سنە لەلایەن ئەندامانی گرووپی بناژۆخواری سەلەفی کوژرا و براکەی بە ناوی خالید قەوامی بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێری چردایە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گرووپە سەلەفییەکان لە کوردستان لە ڕێگای کەناڵی ئینستاگرامی و تێلێگرامییەوە ڕاستەوخۆ بەپشت بەستنی تاکڕەوانە و شەخسی خۆیان بۆ ئیسلام، لەژێر ناوی "فەتوا" هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتییان دەکەن.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە سەرەڕای کۆنترۆڵی توندی ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر هەرچەشنە چالاکییەکی مەدەنی و سیاسیی لە شارەکانی کوردستاندا، بەشێوەیەکی کردەیی هیچ هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە هەڕەشەی ئەم کەسانە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان هەڵنەگیراوە.
 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە